نوچەنێت
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکە.
خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لەکاتێکدایە، ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هەموو کات زیاترە، هەروەها واشنتن، تاران بە هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز تۆمەتباردەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە پارێزگای هورمزگان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای لەسەر ئەمریکا تۆمارکردووە لەسەر “پێشێلکردنی سنووری ئاسمانی و دەریایی”.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠-٦-٢٠١٩ میدیای فەرمی ئێرانی بڵاویکردەوە، سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) لە پارێزگای هورمزگان خستووەتەخوارەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای کرد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران خستووەتە خوارەوە و بەرپرسێکی سوپای ئەمریکاش رایگەیاند، رووداوەکە لە سنووری نێودەوڵەتی بووە، نەک سنووری ئاسمانی ئێران.فڕۆکەکە جۆری (RQ-4 Global Hawk)ـی ئەمریکی بووە، بەگوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران، بەمەبەستی سیخوڕی سنوورەکانی ئاسمانی ئێرانی بەزاندووە، بۆیە خستوویانەتە خوارەوە.
ئەو شوێنەی ئێران رایگەیاند فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی لێ خستووەتەخوارەوە، لە ناوچەیەک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران، کە دەکەوێتە سەر کەنداوی عومان بەرامبەر بەندەری فوجەیرە.
هاوکات بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا تێكشکاندنی فڕۆکەکەیانی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتڕاستکردەوە، بەڵام دەڵێت، رووداوەکە لە گەرووی هورمز بووە و فڕۆکەکە لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان کراوەتە ئامانج، نەک لە نێو سنووری ئاسمانی ئێران، وەک سوپای پاسداران بانگەشەی بۆ دەکات.