نەوزاد عەلی-سلێمانی
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، شەڕە بۆکس لە نێوان دوو پەرلەمانتاری سووننە ڕوویدا، پەرلەمانتارێكی كورد ڕایدەگەیەنێت، ئەو شەڕە پەیوەندی بە كوردەوە نەبووە.
ئەمڕۆ یەک شەممە ١٥-٥-٢٠١٩، پەڕلەمانی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمان كۆبووەوە و لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك گفتوگۆ كرا، دواتر لە ناو كۆبوونەوەكەدا بووە شەڕە بۆكس لە نێوان دوو پەڕلەمانتاری سوننە بەناوەكانی (تەڵاڵ زوبەیعی و عەبدوڵا خەربیت).
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان دووبەردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە درووستبوونی شەڕ لەناو پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند”ئەو شەڕەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هیچ پەیوەندیییەکی بە کوردەوە نەبووە. شەڕەکە لە نێوان دوو پەڕلەمانتاری سوننە بووە بەهۆی ململانێی سیاسی نێوان خۆیان، لەسەر هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بەسەرۆکی پەرلەمان”.
سەبارەت بە وردەکاری هۆکاری شەڕەکە، دووبەردانی دەڵێت”ئەو ڕۆژەی کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، تەڵاڵ زوبەیعی لە مەحکەمەی ئیتیحادی سکاڵای تۆمارکردبوو ، لەسەر ناشەرعییەتی هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بەسەرۆکی پەرلەمان، کە ئەوە کێشەیەکی کۆنی نێوانیانە، هەروەها عەبدوڵا خەربیت، نزیکە لە حەلبوسییەوە بۆیە شەڕەکە لەنێوان ئەودووپەرلەمانتارە ڕوویداوە”.