نوچەنێت
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی سزای بەسەر ٣٩ کۆمپانیای پیترۆکیمیایی کەنداوی فارس (PGPIC)”ی ئێراندا سەپاند.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، کۆمپانیای ئاماژەپێکراو یارمەتی دارایی پێشکەشی “قەرارگەی خاتەمول ئەنبیا” کردووە، کە بە لقی ئەندازیاری سوپای پاسدارانی ئێران دادەندرێت.
ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند “لەڕێگەی بەئامانجکردنی ئەم تۆڕەوە، مەبەستمانە رێگە لە پارەدارکردنی شوێنە سەرەکییەکانی کەرتی پیترۆکیمیایی ئێران بگرین کە پاڵپشتی سوپای پاسداران دەکەن. ئەم هەنگاوەی ئێمە هۆشداریدانێکە کە بەردەوام دەبین لە بەئامانجکردنی ئەو گرووپ و کۆمپانیایانەی کەرتی پیترۆکیمیایی و بوارەکانی دیکە کە یارمەتی دارایی پێشکەشی سوپای پاسداران دەکەن”.
هوڵدینگ فارس، کە بە گەورەترین کۆمپانیای هوڵدینگی پیشەسازی پیترۆکیمیای ئێران دەژمێردرێت لە ٣٩ کۆمپانیای پێترۆکیمیاوی پێکدێت و هەروەها لقەکەکانی فرۆشتنی لەدەرەوەی ئێران، گەمارۆ دەخرێتەنسەریان.
بەهای هەناردەی بەرهەمەکانی پێترۆکیمیای ئێران لە ساڵی رابردوودا، ١٤ ملیار دۆلار بووە، کە دەکاتە ٣٢٪ داهاتی نانەوتی.
دوای هەنگاوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەش رایگەیاند، گوشارە قورسەکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەردەوامدەبن.
مایک پۆمپیۆ لە توویتێکدا نووسیویەتی، ئەمریکا رێگەنادات ئێران ئەو پارەیەی دەستبکەوێت کە بۆ ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستیەتی”.