داوای دوورخستنەوەی راکان جبووری دەکرێت

0

نوچەنێت

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەكانی كەركوك و ناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند “ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینین”.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە “لەدوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و لە پارێزگای كەركوك بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروستبووە، كە سەر و ماڵی ھاوڵاتیان بە سەرجەم پێكھاتەكانەوە و بەتایبەت هاوڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە، و ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاكان بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی ھاوڵاتیانیان نییە”.

هاوکات داوای كۆتاییھێنان بە دۆخی عەسكەرتاریەت لەو ناوچانە، گەڕاندنەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شوێنەكانی پێشتر و گۆڕینی پارێزگاری بە وەكالەت لە کەرکوک دەکەن.

دەقی راگەیێندراوی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان:

راگەیێندراوێك لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە بارەی رووداوەكانی كەركووك

لە دوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و لە پارێزگای كەركوك بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروستبووە، كە سەر و ماڵی ھاووڵاتیان بە سەرجەم پێكھاتەكانەوە و بەتایبەت ھاووڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە، و ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاكان بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی ھاوڵاتیانیان نییە.

لەگەڵ بەردەوامی ھەڕەشەكان بۆ سەر جووتیارانی كورد و ئەو ستەمەی بەرامبەریان دەكرێت لە سووتاندن و رێگریكردن لە دوورینەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان، ھەوڵدان بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان و نیشتەجێكردنی عەرەبی ھاوردە لە شوێنەكانیان، و رووخاندنی خانووی ھاوڵاتیانی كورد لە ناوەندی شاری كەركووك بە بیانووی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەوی پێنج شەممە 30-5-2019 زنجیرەیەك تەقینەوە ھاووڵاتیانی لە شاری كەركوك كردە ئامانج و دەیان ھاووڵاتی بوونە قوربانی.

پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، و وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییانە، داواكارین بە خێرایی كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی.

ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینین، كە سەرەڕای تێكدانی رەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكھاتەكان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داواكارین ھەرچی زووترە كاربكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە لە رێگای گرتنەبەری چەند ھەنگاوێك، كە بریتیین لە:

  • كۆتاییھێنان بە دۆخی عەسكەرتاریەت لەو ناوچانە.
  • گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شوێنەكانی پێشتر و پاراستنی كەركوك بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق.
  • رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی شارەكان بە پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
  • گۆڕینی پارێزگاری بە وەكالەت و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك، كە بە بێ ھەڵبژاردن و ویستی پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون.
  • كاركردنی جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی 140) لە دەستووری عێراق، كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە دەبێت.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
31-5-2019

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com