هەسەدە ژن و منداڵی داعش رادەستی ئۆزبەکستان دەکاتەوە

0

نوچەنێت: ئاژانسەکان

بەپێی رێککەوتنێک هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، 58 ژن و 90 منداڵی چەکدارانی داعشی رادەستی حکومەتی ئۆزبەکستان کردەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، کە عەلی شێر سولۆمولۆڤ، باڵیۆزی گشتی ئۆزبەکستان لە ئیمارات و بەرپرسانی یەپەگە ئامادەبوون، کەمال عاکیف، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند “148 ژن و منداڵی چەکدارانی داعش، کە لە کەمپی هۆڵ بوون و لە ئۆپەراسیۆنی باهۆزی جزیرە دەستگیرکرابوون، رادەستی حکومەتی ئۆزبەکستان دەکرێنەوە”.

باڵیۆزی ئۆزبەکستان لە ئیمارات سوپاسی هەسەدەی کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنیان و رادەستکردنەوەی ئەو ژن و منداڵانەی داعش. هەردوو بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە رادەستکردنی ئەو 148 ژن و منداڵانەیان بە ئۆزبەکستان واژۆکرد.

بەپێی ئامارەکان، سەدان ئۆزبەکی پەیوەندیان بە داعشەوە لە عێراق و سووریا کردووە. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 300 ئۆزبەکی نێو داعش رەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە. بڕیاریشە چەند رۆژی داهاتوو ژمارەیەکی دیکە رادەستبکرێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی دە هەزار چەکداری داعش و ژن و منداڵەکانیان لە کەمپی هۆل لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن، کە لە وڵاتانی جیهانەوە پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە. زۆرینەی وڵاتان وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان رەتدەکەنەوە. تاوەکو ئێستا کۆسۆڤۆ 110 کەس و کازاخستانیش 231 کەسیان لەنێو داعشەوە وەرگرتووەتەوە، کە بەشی زۆریان ژن و منداڵ بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com