نوچەنێت: ئاژنسەکان
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، خۆڕاگر دەبن و شەڕ روونادات. دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکاش رەتدەکاتەوە و دەڵێت “بژاردەی ئێمە خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەمریکایە و ئەم رووبەڕووبوونەوەیەشدا ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە دەکات”.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت، دەزگای داد و پەرلەمان و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە و باسی دوایین رەوشی ناوچەکەی کرد.
عەلی خامنەیی، لەبارەی قۆڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، رایگەیاند “شەڕ روونادات، چۆنکە رووبەڕووبوونەوەکان رووبەڕووبوونەوەی ئیرادەن و ئیرادەی ئێمەش بەهێزترە، جگە لە ئیرادەی خۆمان، پشتیوانیی خوداشمان هەیە. نە ئێمە بەدوای شەڕەوەین، نە ئەوان، چونکە لە بەرژەوەندیاندا نابێت”. رێبەری ئێران هەروەها دەڵێت “بژاردەی ئێمە خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەمریکایە و ئەم رووبەڕووبوونەوەیەشدا ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە دەکات”.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بە خواستی هەندێک کەس لە نێوخۆی ئێران بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند “هەندێک کەس دەڵێن (دانوستاندن چ عەیبێکی هەیە)؟ بەڵام دانوستاندن ژەهری دووبارەیە، تاوەکو ئەمریکا ئەم ئەمریکایە بێت، کە ئێستا هەیە. گفتوگۆ واتە مامەڵە و دانوستاندن، بەڵام ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی ئامانج، خاڵی بەهێزی ئێمەیە”.
خامنەیی دەشڵێت “ناکرێ دانوستاندن لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی مووشەکی دوورمەودامان هەیە و دەبێ مەودایان کورتبکرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر لێیانداین، نەتوانین وەڵامبدەینەوە. بەم شێوەیەش هیچ ئێرانییەکی بەغیرەت و هۆشیار لەبارەی خاڵی بەهێزی خۆی مامەڵە ناکات. یانیش دەیانەوی لەبارەی قوڵایی ستراتیژی ئێران دانوستاندن بکەن، ئەمەش واتە لەدەستدانی ئەو ستراتیژیەتەیە”. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەخنەی تووندتری لە ئەمریکا گرت و رایگەیاند “بەم شێوەیە نێوەڕۆکی دانوستاندنەکە هەڵەیە، تەنانەت لەگەڵ مرۆڤی رێکوپێک، ئەمانە مرۆڤی رێکوپێکیش نین، چونکە پابەندی هیچ شتێک نین. هیچ یەکیک لە عاقڵەکانمان بەدوای دانوستاندنەوە نییە”.