نەوازاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئەوەندەی پرسێکی سیاسییە یاسایی نییە.
ئەمڕۆ شەممە ٤-٥-٢٠١٩، جارێكی تر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. بڕیار بوو یەکێک لە برگەكانی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بێت لەبارەی ھەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بە تایبەت ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شێروان دووبەردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ڕایگەیاند”بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پەرلەمان نەیتوانی گفتوگۆی لەسەر بکات و پرسەکە دواخرا”.
دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، جوڵاندنی پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پرسێکی سیاسییە “فشاری لایەنێکی سیاسی لەدەرەوەی پارێزگای نەینەوا هەیە و، دەیانویست یەکێک لە کاندیدەکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەنجومەنی پارێزگا، بەشێوەیەک دەبێت کاندیدەکەیان قبوڵبکرێت یان دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا هەڵوەشێتەوە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت”دوای ئەوەی لایەنەشیعەکان و بەشێک لە لایەنە سووننەکان، بۆیان ڕوون بووەوە تەواوی ئەو هەوڵانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەوڵی سیاسین، ڕێگری لە تەواو بوونی نیسابی یاسای کرا و لەبەرنامەی کاری پەرلەمانی ئەمڕۆشدا لابرا”.