هاوپەیمانی فەتح لەبارەی خامنەییەوە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

0

نوچەنێت

هاوپەیمانی فەتح لە وەڵامی لێدوانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەربارەی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران، کە باس لە سەروەت و سامانەکەی دەکات، دەڵێت “ئەوە پێشێلکردنی مەرجەعیەتی ڕێزلێگراوی ڕۆڵەکانی گەلی عێراقە و داوای لە وەزارەتی دەرەوەش کردووە، کە وەک کەسێکی نەخوازراو سەیری (جۆی هود) باڵیۆز ئەمریکا بکات لە بەغدا”.

هاوپەیمانی فەتح، پێکهاتووە لە ١٥ هێز و گروپی هێزە سیاسییە شیعییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جیابووەتەوە. هاوپەیمانێتییەکە لە ساڵی ٢٠١٨ و بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە لە لایەن هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە پێکهێنراوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە هاوپەیمانی فەتح بڵاویکردۆتەوە “هاوپەیمانی فەتح بە توندی دژی بەکارهێنانی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەی وڵاتانە لە عێراق بۆ هێرشکردن سەر هەر دەوڵەتێک، یان سوکایەتیکردن بە مەرجەعیەتە ئاینییەکان، کە گەلی عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات سوکایەتی پێبکرێت”.

لە بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕە و بنەماکانی کاری دیپلۆماتییە و ئەوەش کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە گوتراوە، “پێشێلکارییەکی گەورەیە” بۆ سەر یەکێک لە مەرجەعە ئایینییە پایەبەرزەکان بەلای گەلی عێراقەوە، بە تایبەت کە لە لایەن ماڵپەڕی فەرمی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە “ئەو هەنگاوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشێلکارییەکی ڕەها و قبوڵنەکراوە و داواشی لێ دەکەین ئەو پۆستە خراپە لابەرێت، داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەکەین بانگهێشتی جۆی هود باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی ڕادەست بکات”.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکە هاتووە، گەلی عێراق بە مافی خۆی دەزانێت بەگوێرەی یاسا و لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و دیپلۆماتییەکان و چالاکییە جەماوەرییەکانەوە وەڵامی ئەو سوکایەتیپێکردنە بداتەوە.

رۆژی هەینی ٢٦-٤-٢٠١٩، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەیاننامەیەکی لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە بڵاوکردبۆوە سەبارەت بە سەروەت و سامانی “عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران” و سامانەکەی بە ٢٠٠ ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، لە کاتێکدا بەهۆی نالەباری دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەوە گەلی ئێران لەژێر هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com