نوچەنێت
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەمزووانە هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە کۆدەبنەوە.
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەناردەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند “سەبارەت بە یاسای بودجەی ساڵی ٢١٠٩، پابەندییەک هەیە لەسەر هەرێم بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆکۆمپانیای بەبازارکردنی نەوت، کە بەسۆمۆ ناسراوە ، بەجۆرێک سۆمۆ ئەو بڕە نەوتە دەفرۆشێت و داهاتەکەی بۆ بودجەی عێراق دەگەڕێتەوە، تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە؛ هیوامان وایە و پلان هەیە و لەسەر هێڵیشین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە”.
سامر غەزبان دەشڵێت “بەمزووانە دیدارێکمان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێوشوێنی پێویست لەبارەی جێبەجێکردنی ئەوەی لە بودجەدا بڕیاری لەسەر دراوە. ئێمە بەهەموو شێوەیەک پابەندی ئەوەین لە یاسای بودجەدا هاتووە، هیچ شتێکیش نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، تەنیا ئەوە نەبێت یاسای بودجە جێبەجێبکەین”.