نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق و سعودیە لەسەر هاریکاری و هاوکاری لە بواری ئاسایش و هەواڵگریدا ڕێککەوتوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (١٧-٤-٢٠١٩) عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعودییەی کرد و چاوی بە سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعودییە و محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودییە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە کەوت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و نەوت و کارەبا و بازرگانی عێراق یاوەریی عەبدولمەهدی کردبوو.
محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە سعودیە ڕایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نێوان بەغدا و ڕیازدا هاریکاری و هاوکاریی لە بوارەکانی ئاسایش و هەواڵگریدا دەبێت. ئاماژەشی بەوە داوە، کە “لە میانی سەردانەکەی شاندی باڵای عێراق بۆ سعودیە بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ کراوە دەربارەی بابەتی ڤیزا و شێوازەکانی چوونە ناوەوە بە پاسپۆرتە جیاجیاکان بۆ وڵاتی سعودیە”.
وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت، پەلە دەکرێت لە کارکردن بە یاداشت و ڕێککەوتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە ئەو بابەتە بووەتە بەڵێنی نێوان شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیە و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق.