نوچەنێت: ئاژانسەکان
سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، نیگەرانی خۆی لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکان لە هەدەپە راگەیاند.
ئەمەش دوای ئەوەدێت ھاوسەرۆك و بەرپرسانی ھەدەپە دەڵێن، كە لە زۆر شار رێگە نەدراوە كاندیدە دەرچووەكانیان بۆ شارەوانییەكانی باكووری كوردستان و توركیا دەست بەكاربن.
عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، راگەیاندراوێکی لە ماڵپەری خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لەبارەی ئەوەی لە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رێگە بە کاندیدبوونی کەسانێک دراوە و دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن مافی سەرۆکایەتی شارەوانیان لێبسەندرێتەوە.
عەبدوڵڵا گوڵ، ئاماژەی بەوە کردووە، کە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ زۆر دواکەوتووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە، کە رۆژی ٣١-٣-٢٠١٩، ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە شارەكانی توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوەچوو، ئاكەپە، وەك حزبی دەسەڵاتدار ھەردوو گەورە شاری توركیا ئەنقەرە و ئیستانبوڵی لەدەستدا و بەھۆی چەندین تانە و نیگەرانی ئاكەپە لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، تائێستا نەتوانراوە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ و چەند شارێكی دیكە دەست بەكاربن.