نوچە-ئاژانسەکان
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کودەتای سەربازی لە سودان، دەکەن.
کەناڵی تەلەفزیۆنی الحدث، بە گێڕانەوە لە چەند سەرچاوەیەک باسی ئەنجامدانی ئەم کودەتایەی کردووە.
کەناڵی الحرە رایگەیاندووە، هێزێکی سەربازی لە دەوروبەری کۆشكی سەرۆککۆماری سودان جێگیر کراوە و رێگە بە هاتووچۆ بۆ ناو ئەم بینایە نادرێت.
رادیۆ فەرمی سودان پێشتر رایگەیاندووە، کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سوپای سودان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.
میدیاکانی سودان ئاماژەیان بە وردەکاری زیاتر نەداوە و، تەنها مارشی نەتەوەیی بڵاو دەکەنەوە.
کەنالی سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سوپای سودان چوونەتە ناو بینای رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەم وڵاتەوە و داوایان لە میدیاکاران کردووە کە بەیاننامەی سوپا بڵاو بێتەوە.
ئەم کودەتا سەربازییە لە کاتێکدایە، کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی سودان بۆ ماوەی شەش ڕۆژە هاتوونەتە سەرشەقام.
لە ئەنجامی تەقەی سوپا لە خەڵکی خۆپێشاندەر، تاکوو ئێستا بە دەیان کەس کوژراو و بریندار بوونە.