نوچە-یۆرۆ نیوز
یەکێتی ئەوروپا، لە بڕیارێکدا گەمارۆکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤی بۆ سەر ئێران درێژکردەوە.
ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە،٨ی ئەپریل لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە لۆکزامبۆرگ پەسەند کرا.
ئەم سزایانەی سەر ئێران، یەکەم جار ساڵی ٢٠١١ لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە و لە پەیوەندی لە گەڵ پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ بە سەر ئێراندا سەپیندرا.
بە گوێرەی ئەم سزایانە،٨٢ بەرپرس و دامەزراوەی سەر بە حکومەتی ئێران بە تۆمەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، خرانە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپاوە.
بە پێی ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا، هاتوچۆی بەرپرسانی سزادراو بۆ ئەوروپا قەدەغەکراوە و هاوکات داراییەکانی سەرجەم لایەنەکانی ژێر ئەم گەمارۆیانە بلۆک کراوە.
ئەم گەمارۆیانە لە کاتی پەسەندکردنی لە ساڵی ٢٠١١، ساڵانە بۆ سەر ئێران درێژکراوەتەوە.