نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش دەنگدان بۆ تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تێدانییە. دەشڵێت “پۆستی وەزارەتی دادی عێراق، یەکلایی بووەتەوە”.
بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر چەند پۆستێکی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تا ئێستا نەتوانراوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و دادی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، ئەمەش وای کردووە کابینە بە تەواو نەکراوی بمێنێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان، ڕایگەیاند “بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو (١٠-٤-٢٠١٩)، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، بەڵام بە پێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، دەنگدان بۆ تەواکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تێدا نییە”.
ناوبراو ئاماژە بەوەکات، هەرکاتێک لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بگەن بەڕێککەوتنێک لەسەر ئەو پۆستانەی، کە ماون پڕبکرێنەوە، ئاسایییە ڕاستەخۆ بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگدانی لەسەر بکرێت.
سەبارەت بە یەکلایی کردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد، شێروان میرزا دەڵێت “بەپێی دوایین ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بێت، پێموایە ئەو پۆستە یەکلایی بووبێتەوە، لەڕاستیدا ئێمە وەک یەکێتی تا ئێستاش هەرداوای ئەو پۆستە دەکەین، پێشمانوایە ئیستحقاقی خۆمانە، بەڵام دەکرێت ئێمە کەسێک دابنێین بەگشتی لایەنە کوردستانییەکان پێی رازیبن”.