نوچەنێت
جێگری سەرۆکی تورکیا لە وەڵامی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە واشنتن کرد، لەنێوان تورکیا و یەپەگە یەکێکیان هەڵبژێرێت.
فوات ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لە توویتێکیدا وەڵامی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و نووسیوویەتی “ئەمریکا دەبێت هەڵبژێرێت؛ دەیەوێت وەک هاوپەیمانی تورکیا بمێنێتەوە، یان دۆستایەتی ئێمە بە مانەوەی لەگەڵ تیرۆریستەکان دەخاتە مەترسییەوە”.
ئۆکتای لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا بە پشتیوانیکردن لە یەپەگە بەرگری هاوپەیمانەکەی لەنێو ناتۆ بەرامبەر بە دووژمنەکانی لاواز کردووە.
مایک پێنس لە توویتەر رایگەیاندبوو، دەبێ تورکیا هەڵبژێرێت؛ ئایا دەیەوێ وەک هاوبەشێکی گرنگی ناتۆ بمێنێتەوە، یان چەک لە نەیارەکانمان بکڕێت کە هەڕەشە لە پێکەوەبوونمان لە ناتۆدا دەکەن.
ئەمریکا بۆ رادەستکردنی ئەو 120 فڕۆکە ئێف 35ـەی بە بڕی 11 ملیار دۆلار بە تورکیای فرۆشتووە مەرجی داناوە و دەڵێت، پێویستە تورکیا لە کڕینی مووشەکی ئێس400ـی رووسی پاشگەزببێتەوە.