نوچە-یەنی شەفەق
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی قەیرانی سوریا لە مەیدانی جەنگ یەکلادەکاتەوە.
لە کاتێکدا بڕیارە سبەی یەکشەممە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە سەرتاسەری تورکیا بەرێوە بچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە رایگەیاند، قەیرانی سوریا لە مەیدانەکانی جەنگ یەکلادەکەینەوە. ئەمەش مانای وایە کە ئەردۆغان باوەڕی بە بەردەوام بوونی ئامادەبوونی سەربازی سوپای تورکیا لە سەر خاکی سوریا هەیە.
بە گوتەی ئەردۆغان، لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، قەیرانی سوریا بە شێوەی مەیدانی چارەسەر دەکەن نەک لە سەر مێزی دانوستان.
جێی ئاماژەیە، تورکیا لە چەند ناوچەیەکی سوریا هێزی سەربازی جێگیر کردووە.
لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممەدا، سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی 30 گەورەشار، 51 ناوەندی پارێزگا، 922 شارۆچکە و دەیان هەزار گوند هەڵدەبژێردرێن. لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەێندرێت.