نوچەنێت-نەوزاد عەلی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەکۆی دەنگی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای هەمواری ڕەگەز نامەی عێراقی ڕەتکرایەوە.
پڕۆژە یاسای پێدانی رەگەزنامەی عێراقی، ژمارە ٢٦ساڵی ٢٠٠٦دەرچووە، ١١-٣-٢٠١٩ لەپەرلەمانی عێراقەوە داوای ھەموارکردنەوەی کراوە. بەپێی پڕۆژە یاساکەش کەسانی بیانی دوای ساڵێک مانەوەیان لەعێراق دەتوانن ببنە خاوەن رەگەزنامەی عێراقی.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ناسر ھەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای هەمواری رەگەزنامەی عێراقی، ڕایگەیاند”لەکۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقدا بەکۆی دەنگی ئەندامانی لیژنە، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی ڕەگەز نامەی عێراقی ڕەتکرایەوە و داوامان کرد بگەڕێتەوە بۆ حکومەت”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر داوە کە پڕۆژەیاساکە بگەڕێتەوە بۆ حکومەت و جارێکی تر پێداچوونەوەیەکی تەواوی بۆ بکرێت، لەکاتی دانانی پڕۆژەیاساکەدا شارەزایی تەواو لەسەر ڕەگەزنامە لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، پێکەوە ئەگەر پێویستبوو دابڕێژن”.
سەبارەت بەهۆکاری ڕەتکردنەوەکەی، هەرکی گوتی”یەکێک لەهۆکارەکان ئەوەبوو، ماوەی پێدانی ڕەگەزنامە بۆ هەرکەسێک لەدوای یەک ساڵ لەعێراق، ئەمەش ڕەنگە زیانێکی زۆر بەگشتی بە عێراق بگەیەنێت، هەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو زیانە، هۆکاری دووەم پێدانی دەسەڵات بەوەزیر بۆ پێدانی ڕەگەزنامە، ئەمەمان پێباش نەبوو، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری تر”.