نوچەنێت-نەوزاد عەلی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەڕلەمانی عیراق ژمارەیەك بڕیاری دەربارەی دۆخی موسڵ دەركرد و بڕیاریشدا بە لەكارلابرنی پارێزگار و جێگرەكانی لە پۆستەكانیان.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١-٣-٢٠١٩، بەلەمێکی گەشتیاری لە سەر ڕووباری دیجلە لە موسڵ، ژێرئاو کەوت و نزیکەی ١٢٠ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا، دوای ڕووداوەکەش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی بۆ پەرلەمانی عێراق کرد، پارێزگاری موسڵ لەپۆستەکەی دووربخرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ڕووداوەکەی موسڵ، ڕایگەیاند “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٢٤-٣-٢٠١٩ـی پەڕلەمانی عێراق، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیار درا بە لە كارلابردنی پارێزگاری موسڵ و جێگرەكانی بەهۆی ڕووداوی ژێر ئاو کەوتنی بەلەمێکی گەشتیاری لە ٢١ ئەم مانگە لە پارێزگای موسڵ، کە بەهۆیەوە چەندین كەس گیانیان لەدەستدا”.
دووبەردانی، گوتیشی”پەرلەمان چەند بڕیارێکی تری گرنگی لەبارەی موسڵەوە دەکرد، لەوانە بڕیار درا سەرجەم دۆسیەكانی گەندەڵی و ڕوداوەکەی مسڵ ڕەوانەی دادوەری بكرێت، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان بكرێتەوە و قوربانییەکان بە شەهید هەژمار بکرێن. هەروەها لێکۆڵێنەوە لەڕووداوەکە بکرێت و لێپێچینەوە بکرێت لە ئەنجامدەرانی و ئەوانەشی بەرپرسن لێی و کەمتەرخەم بوون”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەشڵێت “پەرلەمان بڕیاریداوە یەک فەرماندە هەبێت، کە بەرپرس بێت لەهێزەکانی موسڵ و کردنەوەی دەرگاش بەڕووی هاوڵاتیانی موسڵ بۆ هاتنە ناو سوپای عێراق، چونکە ئەو هێزانەی، کە لە موسڵن خەڵکی موسڵی کەم تێدایە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان بڕیاری داوە پشتگیری موسڵ بکرێت بۆکردنەوەی دادگایەک و ڕەوانە کردنی دادوەر بۆی، کە بەشێکی زۆری ئەو سکاڵایانەی لە موسڵن، بەهۆی نەبوونی دادوەر یەکلایی نەکراوەتەوە. هەروەها بڕیاردرا بەڕاگرتنی بەتاڵان بردنی نەوت، سکراب لە موسڵ، گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵ و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی شەڕی داعش دوای ئازاد کردنی موسڵ.