تکایە سنورەکانی رۆژ ئاوا دابخەن رێگە لەکۆڕەوی کوردان بگرن

0

متکایە سنورەکانی رۆژ ئاوا دابخەن رێگە لەکۆڕەوی کوردان بگرن

رۆشنبیران و قسە زلان تەنها بۆ فشار خستنە سەر لایەنێک، خۆیان دەبوێرن لەباسکردنی مەترسی چۆڵکردنی وڵات

رزگار رەزا چوچانی

هاوڵاتی هیچ وڵاتێک بە‌هێندەی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، لەمسی ئازاری میللەتێکی لێقەوماو ناکات، چونکە لێقەومان بەشێکە لە مێژووی ئێمە و خەڵکی ئێمە لەباشور، بۆیە کە لێقەومانی هاونەتەوەکانمان ئەبینین لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لەهەر میللەتێک رۆحمان ئازار ئەخوات.

بەڵام جیاوازی خەڵکی رۆشنبیر و خەڵکی سادە لەوێدا دەرئەکەوێ، کە رۆشنبیر بۆ هەڵبژاردنی رێگا چارەسەری لێقەومانی خەڵک، دوور دەبێت لە عاتیفە ئاسانترین و باشترین رێگا پێشنیار دەکات، یان فشاری دروستبونی رێگایەک دەکات، کە لەخزمەتی لایەنی ئینسانی لێقەوماوان بێت. لێ جێی داخە پرسی لێقەومانی کوردانی رۆژئاوا لای رۆشنبیران نەبۆتە پرسێک بۆ قسەکردن لەخزمەتی ئەوان، هێندەی بۆتە پرسێک بۆ لێدان لە حزبێکی دیاریکراو.

ئاخر ئەوەی هەرەشەی لەسەر کوردی رۆژئاوا دروستکردوە، بەشار ئەسەد و هێزێکی گەورەی حکومی نییە، بەڵکو چەند گروپێکی چەکدارن، کەوەک دەڵێن کورد کۆمەڵکوژ ئەکەن، برسێتی و داخستنی سنورەکانە، کەوایە مادام چارەسەر رووبەڕووبونەوەی ئەو گروپانەیە، ئەبێ بەرەنگاری ئەو گروپانە بکرێت، مادام چارەسەر کردنەوەی دەروازەی سنورەکانە، بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی، دەبێ فشاری ناردنی کۆمەک دروست بکرێت، نەوەک دەرگای رۆژئاوا بکرێتەوە بۆ چۆڵکردنی وڵات. دەی برسێتی داخستنی سنور هۆکاریەتی و کوشتن گروپە چەکدارەکان.

کەوایە ئەبێ ئێمە بپرسین کە بەرەنگاربونەوەی گروپە چەکدارەکان ئاسانە، بۆچی هێندە سەخت بووە لەکوردانی ئەو بەشەی کوردستان؟، کە هۆکاری برسێتی داخستنی سنورەکانە، بۆچی سنورەکان داخراون ؟ ئەوکات ئەگەر مەرامی سیاسی بەرچاومان تاریک نەکات و زارمان نەبەستێ، زۆر ئاسان پەی دەبەین بە ئەسڵی گرفت و قسەکردن لەسەر ساناترین چارەسەر.

ئەوەی تا ئێستا ئەبینرێ، ئەوەیە تورکیا هەبوونی حزبی باڵا دەست بە بەشێک لەپەکەکە دەبینێ، و بەخەتەریان دەبینی بۆ سەر ئاسایشی خودی وڵاتەکەی خۆشی، دەی هیچ وڵاتێک ئامادەنییە، دەرگا بەرووی مەترسییەکی ئاوادا بکاتەوە بۆ هاوکاریکردنی.
هەرێمی کوردستانیش دەیەوێ هاوکاری خێر بێ بۆ ئەو بەشە، بەڵام پارتەکانی تری ئەو بەشەی وڵات، پەنا بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان “پارتی” دەبەن، کە هاوکاریان بێ لە نەهێشتنی پەراوێزخستنیان لەلایەن حزبی پەیەدە، هێزی یەپەگە. حزبەکانی ئەوبەشەی وڵات وەک خۆیان دەڵێن، بەشێوەیەک لەلایەن پەیەدەوە پشتگوێخراون، کە ئێستا گومان دەبەن، خەڵکە چالاکەکەشیان لەلایەن ئەو هێزەوە تیرۆر کرابن، بێگومان باشوری کوردستانیش رێگە نادات، ئەو بەشەی وڵات بکەوێتە ژێر دەستی، تەنها لایەنێک کە ئیلهام لەهێزی بەشێکی تری کوردستان وەردەگرێت. تەنها  کارتی فشاری دەستی باشوریش بۆ هێنانە خەتی ئەو هێزە، لە قبوڵکردنی لایەنەکانی تری ئەوێندەرو بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵات، داخستنی سنورەکان و پچڕاندنی پەیوەندییە لەگەڵیدا.

کەوایە برسێتی بەرهەمی داخستنی سنور و داخستنی سنوریش بەرهەمی تاک حزبیی و بڕوای تاک حزبییە لەوێندەر، ئەی خێرە رۆشنبیران قسە لەسەر ئەم هۆکارە ناکەن؟ ئەز لەزۆر رۆشنبیرم پرسیوە بۆچی قسە لەسەر ئەو هۆکارە ناکەن؟ وەڵامیان ئەوەیە کە ئەو حزبانەی تر بەشێکن لەپارتی، پارتیش نزیکە لەتورکیا، یان نابێ پارتی دەستوەربداتە ئەو بەشە، کە پێیان دەڵێی، بەو تێگەشتنە بێ، خۆ حزبەکەی تریش بەشێکە لە پەکەکە، پەکەکەش ئێستا نزیکە لە ئێران و بەرەی ئەسەد. ئەوان لەوێدا خۆیان دەبوێرن.
وەک باسمانکرد  کێشەیەکی تری کوردان لەوێندەر، مەترسی گروپە توندڕێکانە، دیارە کەمتوانایی کورد لەو بەشەی وڵات، بۆ رووبەڕووبەڕووبونەوەی گروپە چەکدارە توندڕێکان، هۆکاری یەکدەست نەبوونی کوردە، ئاخر کەم نین ئەو کوردانەی لە بەرەی ئەو گروپە توندڕێکاندان، کەم نین ئەو کوردانەی لایەنگری حزبەکانی تری ئەو بەشەن، ئامادەنین بچنە ریزی پەیەدە تا چەک هەڵبگرن و شەڕبکەن، پەیەدەش رێگا نادات لەژێر ناوی خۆیاندا بەرگری لەوڵات بکەن، نمونە هێزێکی دروستکراو لەکوردانی ئەو بەشەی وڵات، لەباشوری کوردستان ئامادەیە بۆ بەرگری لەخەڵکیی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەو حزبە رێگرە لەگەڕانەوەیان بۆ وڵات، کەوایە لاوازی لە رووبەڕووبونەوەی گروپەتوندڕێکانیشدا، دیسان یەکتر قبوڵنەکردنی حزبەکوردیەکانە لەوێندەر.

بەڵام بۆچی رۆشنبیران قسە لەسەر ئەوە ناکەن، خاڵی لاوازی بەرەنگاری کوردان دیاری ناکەن لە بەرەنگاریدا؟ بۆچی ناڵێن ئاخر هەموو مەترسی ئەو گروپانە یەکگرتوویی کوردان دەتوانێ بیڕەوێنێتەوە ؟ ناڵێن برسێتی کردنەوەی دەروازەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی دەتوانێ چارەسەری بکات، لەجێی ئەوە پەنا بۆ هاندانی کردنەوەی سنور بەرووی کۆچی کوردان و چۆڵکردنی ئەو وڵاتە ئەبەن؟ ئەوەیان وەڵامەکە لای خۆیان و لای خوێنەری ئاگایە !
هەر بۆیەش لای من داوای داخستنی سنور بەرووی کۆچڕەودا و پەنابردن بۆ رێگاچارەکانی دی، داوای لۆژیک و پێویستن بۆ ئەمرۆ و لە کۆڕەو زیاتر بەرژەوەندی خەڵکی ئەو بەشەی وڵاتدایە، چونکە ئەوەی بۆم گرنگە، پرسی ئینسانە لەو بەشەی وڵات، هیچ بەرژوەندییەکی سیاسیش ناچارم ناکات راستی نادیدەبگرم. بەو پاساوەی رۆشنبیرانیش رازی نیم، کە بەراوردی کۆچڕەوی کوردی باشور لەساڵی ٩١ ، بەم کوچڕەوەی ئەمرۆی کوردانی رۆژئاوا دەکەن، چونکە هاندەرەکان و مەترسیەکان هەمان شت نین.
ئاخر ئەو گروپە چەکدارانەی کە هێرش دەکەنە سەر رۆژئاوا، هەمان مەترسی ئەوکاتی سەدامی خاوەن هێزیان نییە بۆ کورد، کە کورد لەباشور لەدەستی رایان کردو کۆڕەویان دروستکرد، بەڵکو کورد خۆی بە ئاسانی ئەتوانێ ،رووبەڕووی ئەو گروپانە بێتەوە، ئەگەر یەکگرتووبن.

برسێتی ئێستای رۆژئاوای کوردستان، هەمان ئەو برسێتیە نییە کەرووبەڕووی باشور دەبوەوە و چاوەڕوانکراو بوو، چونکە کردنەوەی سنورەکان بۆ هاوکاری مرۆیی وابەستەیی یەکتر قبوڵکردنی کوردانی ئەو بەشەیە، نەک مەرجی تەسلیم بوون، بە ئەسەد و وازهێنان لە کورد بوون.
رۆشنبیری بێ لایەن و بەویژدان، دەبێ لەجێی بەکارهێنانی لێقەومانی ئەو بەشەی وڵات، بۆ مەرام و لێدانی سیاسی، پەیەدە بخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی، کە هۆکارەکانی داخستنی سنور، رێگرتن لەناردنی کۆمەک نەدات بەدەستەوە، ئەندامانی پارتەکانی تری رۆژئاوا بەهۆی پەراوێزخستنیانەوە، ناچار نەکات بچنە بەرەی بەرابەر و دژ بە پەیەدە بجەنگن.
دەبێ رۆشنبیران و قسەکەران، لەجێی ئەوەی فشاری کردنەوەی سنور بەرووی کۆچی کورددا دروست بکەن، هەموو قسە لەسەر ئەوە بکەن، کە جێهشتنی وڵات زۆر سەختترە لەوەی کە هۆکارەکانی جێهشتن چارەسەر بکرێت، ناکرێ وڵاتێک چۆڵ بکرێت بەهۆی چەند کێشەیەکەوە، کە چارەسەریان تەنها هاتنە سەرخەتی یەک حزبە، ، دەبێ فشار بۆ سەر حکومەتی کوردستان دروست بکرێت، کە دەرگا بەرووی ئەو چۆڵکردنەی وڵاتدا نەکاتەوە، ئاخر ژمارەی کورد لەو بەشەی وڵات چەندە ؟، تا رۆژانە بە هەزاران کورد کۆچ بکات.

بەراست کە ئێمە دەزانن چارەسەری دۆخی خراپی کوردانی رۆژئاوا، لەناو خۆی وڵاتەکەیاندا ئاسانترە لەکۆڕەو و ژیانی سەختی ژێر خێمەکانی باشور لەناو کەمپەکاندا، باشتر نییە فشار دروست بکەین، بۆ چارەسەر لەناوخۆدا، باشتر نییە فشار دروست بکەین، بۆ یەک دەستی لایەنە کوردیەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانەی ئاوارەیان دەکەن، بۆ چارەسەری ئەو هۆکارانەی سنورەکانیان بەڕوودا دا دەخات؟

بێگومان هەموو ئەوانەش کە داوای کردنەوەی سنور دەکەن بەڕووی کۆڕەوی کورددا، نەکردنەوەی دەکەنە فشار بۆ سەر لایەنێک، بۆخۆشیان دەزانن چارەسەری دۆخی کورد لەرۆژئاوا لەناوخۆی وڵاتەکەیان ئاسانترە، لێ مادام داشی سیاسییە بۆ لێدان لەلایەنێک، گرفت نییە بۆ ئەوان، کورد ئەو بەشەی وڵات چۆڵ بکات، گرفت نییە بۆ ئەوان ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتە لەژێر خێمەدا و لەتەنیشتی خێری خێرخوازاندا بژین، هەر بۆیەش  قسە نییە بۆ ئەوان چۆن ژیانێکی شەرەفمەندانە لەناو ماڵەکانی خۆیان و لەوڵاتی خۆیان، بۆ کوردانی رۆژئاوا دروست بکرێت، دەشبنە هاندەرێک بۆ ئاوارەبوونی زیاتر، کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ توندرەوی زیاتر، سەپاندنی زیاتری بڕوای یەک حزبی لەو بەشەی وڵات.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com