نوچەنێت-ئاژانسەکان
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، مۆڵەتی پێدراوی بە عێراق بۆ هاوردەکردنی وزە لە ئێران، درێژ کردەوە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە کەناڵی سی، ئێن، بی گوتووە، ئەم وڵاتە مۆڵەتی عێراقی بۆ هاوردەکردنی وزەی ئێران بۆ ٩٠ رۆژی دیکە درێژکردۆتەوە.
واشنتۆن بە گوێرەی بڕیارێکی خۆی و لەپەیوەندی لە گەڵ گەمارۆکانی ئێران، مۆڵەتی بە چەند وڵاتێکی جیهان داوە، تا دۆزینەوەی بەدیلێک، دەتوانن درێژە بە بازرگانی لە گەڵ ئێران بدەن.
برایان هوک، بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوە جەختی کردۆتەوە، کە واشنتۆن ئامادە نییە هیچ وڵاتێک لە دەرەوەی بازنەی گەمارۆکانی سەر ئێران هەژمار بکات، چ پەیوەندی بە نەوتەوە هەبێ یان بابەتی دیکە.
عێراق لە ڕووی هاوردەی گازەوە بەستراەوەتە بە ئێران و ئەم گازەش، زۆرتر بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار دێنێ.
هەر چەند عێراق دووەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپێک، بەڵام ساڵیانێکە شەڕی ناوخۆ و نائارامی وای کردووە، کە لە ڕووی وزەوە بەستراوە بە ئێران بێت.
بە پێی بەراوردێک، نزیک بە ٤٥%ی کارەبای عێراق بە رێگەی هاوردەکردنی گازی ئێران دابین دەکرێت.