نوچەنێت-جام جم
لە کاتێدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن لایەنە شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێرانی کەوتۆتە رۆژەڤی میدیاییەوە و تەنانەت ژمارەیەک لە پەرلەمانتارەکان خەریکی ئامادەکردنی گەڵاڵەیەکن، تاکوو باری یاسایی بە کشانەوەی ئەم هێزانە بدەن، ئەنیستیتۆیەکی ئەمریکی جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
مایکڵ ڕوبین، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لێکٶڵەری ئەنیستیتۆی ئەمریکەن ئینتەر پرایز، سەبارەت بە کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕای جیاوازی هەیە.
ڕوبین دەڵێت، گۆڕینی دەم و چاو و جێگۆڕکێکردنی پۆستەکان لە هەرێمی کوردستان، نابێتە هۆی گۆڕینی پەیوەندیە دەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ دنیای دەرەوەی خۆی.
ڕوبین دەشڵێت، هەڵسوکەوتی مەسعود بازرانی، نیشان دەدات کە تاکە کەسایەتی بەهێزی هەرێمە و وەک مەرجەعی سەرەکی دەمێنێتەوە.
بە گوتەی ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی بۆ ئەمریکا هەژمار دەکرێ و ناکرێ چاوەرێ بکەین، کە ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیک لەم هەرێمە بکشێتەوە.