ترافیکی دژەکان لە بەغدا

0

نوچەنێت

روحانی بۆ سەردانی عێراق دەکات؟

لە دوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٧ی دیسەمبەری ٢٠١٨ بۆ بەغدا، کە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو هەژمار دەکرا، لە بەغدا ترافیکی قورسی دیپلۆماسی دروست بووە ودەکرێ بگوترێ ئەم قەرەباڵغییە بێ وێنە بووە. بە جۆرێک کە بۆتە گۆڕەپانی هاتووچۆی وڵاتانی جیهان لە هەموو کەمپ و هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە دوای ترەمپ، شای ئوردن دوای دە ساڵ جارێکی دیکە سەردانی بەغدای کرد. دواتر نۆرە گەیشتە فیلیپی شەشەم، شای ئیسپانیا، کە ئەویش دوای چل ساڵ سەردانی عێراقی کرد.

لە رۆژانی داهاتوودا، سەرۆککۆمارەکانی ئێران و تورکیا سەردانی دەکەن، هەر وەها بڕیارە ئیمانۆئێل ماکرۆن ،سەرۆکی فەڕەنسا لە داهاتوویەکی نزیک سەردانی بەغدا بکات.

لە ئاستی دیکەشدا، بەرپرسانی وڵاتانی جیهان سەردانی بەغدایان کردووەلەوانە سەرۆکوەزیرانی ئوردۆن، ڤاتیکان، ئیتاڵیا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئێران، تورکیا، قەتەر و هتد…

بە دەر لە ئەمریکا، سێ کەمپی ڕکابەری ناوچەیی(ئێران، سعودیە  وتورکیا) بەردەوام شاندەکانی خۆیان ڕەوانەی بەغدا کردووە. هەر بۆیە لە روویەکەوە دەکرێ بگوترێ ئەم ترافیکی دپلۆماسییە، جۆرێکە لە ترافیکی دژەکان.

پرسیار ئەوەیە بۆ بەغدا وەها پێگەیەکی پێدەدرێت؟ ئایا بەغدا دەتوانێ ببێتە ناوەندی دیپلۆماسی ناوچەیی؟

هۆکاری سەرەکی ئەم ڕکابەرایەتیانە، پێگەی جیۆپۆلۆتیک[ و جیئۆ ئێکۆنۆمی عێراقە. بە تایبەتی کە لە باسی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا لە گەڵ ئێران، عێراق وەک گۆڕەپانی هەرە جددی چاوی لێدەکرێت. هەر چۆنێک بێت واشنتۆن پێی وایە، کە بە بێ دوورخستنەوەی بەغدا لە تاران، ناتوانێ سیاسەتێکی ناوچەیی سەرکەوتووی هەبێت.

حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری ئێران بڕیارە ١١ی مارس سەردانی بەغدا بکات. لە ئێستا و پێشتریش زنجیرەیەک سەردان لە لایەن ئێرانیەکانەوە  لە ئارادابوونە. لە شاندی دبلۆماسییەوە بگرە تا شاندی بانکداری، بازرگانی و ئەمنی. پێدەچێ کۆی ئەمانە فەراهەمکردنی زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ سەردانەکەی ڕوحانی.

گرینگترینی ئەم سەردانانە، سەردانەکەی جەواد زەریف بوو، کە لە کۆتایی سەردانەکەی ڕایگەیاند ئەوان دەڕۆن و ئێـمە دەمێنینەوە. مەبەست لەوان ئەمریکیەکان بوو. ئەم گوتەی زەریف ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ململانێی تاران و واشنتۆن، وەزیری دەرەوەی ئێران وای نواند کە عێراق گۆڕەپانی تەراتێنی هەمیشەیی تارانە.

عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بوو کە سەردانی بەغدای کردووە.عێراقچی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا لە گەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە، ئامادەکاری بوو بۆ واژۆکرانی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و بەغدا، کە دواجار بەرژەوەندییەکانی هەردوو- وڵات مسۆگەر بکات.

کۆی ئەم سەردانانە،هەڵگری ئەم پرسیارەیە، بۆ لە وەها دۆخێکدا ئێران بەرامبەر بە عێراق نەرمکێشی نیشان دەدات؟

ئێران دەیهەوێ، بە دڵنیا بوون لە مسۆگەربوونی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆی لە عێراق بە رێگەی پەرەپێدان بە پەیوەندیەکانی لە گەڵ بەغدا،لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە.عێراق لە دوای چەندین ساڵ شەڕی بێ ئامان، ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. پێدەچێ نزیک بوونەوە لە جیهانی عەرەبی، یەکەم ئەولەوییەتی بێت.

ئەم هاوسەنگکردنە لە کۆتاییدا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە. گۆڕانکاریەکانی ناوخۆی ئێران، یەک لەو هۆکارانەیە کە پاڵ بە ئێرانەوە دەنێ حیسابێکی تایبەتیتر لە سەر عێراق بکاتەوە،لە لایەک بابەتی گەمارۆکانە و لە لایەکی دیکەوە گوشاری ئەمریکایە بۆ سەر گروپە میلیشیاییەکانی ژێر کاریگەری و دەسەڵاتی خۆی لە عێراق.

لە ڕوانگەیەکەوە، نزیکبوونەوەی عێراق و گەڕانەوەی بۆ باوەشی جیهانی دنیای عەرەب، ئێرانی نیگەران کردووە.

ئێران هەوڵ دەدات وابنوێنێ کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق ئامادەیە هەندێ ئیمتیاز بدات. هەر چۆنێک بێت ئێران لە ژێر گوشاری کوشندەی ناوخۆیی و دەرەکی پێویستی بە حەوشی عێراق هەیە تاکو هەناسەیەک وەبەرخۆی بێنێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com