نوچەنێت-نەوزاد عەلی
بڕیارە سبەی (هەینی ٨-٣-٢٠١٩) ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبێتەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنێت، بە دەنگدان کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٤-٣-٢٠١٩ پارتی و یەکێتی رێککەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ قۆناغی داهاتوو واژۆکرد، بەپێی ڕێککەوتنەکەش هەردوولا لە سەر پرسی کەرکوک و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ڕایگەیاند “بڕیارە سبەی هەینی ٨-٣-٢٠١٩ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی، کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد “کە تەوەرەی یەکەمی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان”.
محەمەد وەتمان گوتیشی “تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی تایبەت دەبێت بە یەکلایی کردنەوەی ناوی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان هەردوو کاندید بێگەرد تاڵەبانی و د. رێواز فایەق، بڕیاریشە ناوی کاندیدەکە بەشیوەی دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە”.