گۆڕان ئامانجی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دەخاتەڕوو

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

بەرپرسێکی گۆڕان لەهەولێر ڕایدەگەیەنێت، رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی هەڵەنییە، لە رابردووش چوار ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی کردووە و لە هیچ ڕێککەوتنێکمان پەشێمان نەبووینەتەوە.   

دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری بەشداری کردنی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، لە رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩، رێککەوتنێکی چوار ساڵی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان واژۆکرد، ئەمەش ڕەخنە و نیگەرانی بەشێکی لایەنگرانی بزووتنەوەکە و ژمارەیەک حزبی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هێمن شێخانی، باژێڕوانی هەولێر و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی، ڕایگەیاند “ئێمە بۆئەوە لەگەڵ پارتی ڕێکنەکەوتووین ئەنجێندای یەکتری جێبەجێ بکەین، یان لایەنێک بچێتە ناو لایەنێکی ترەوە، بەڵکو ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەوەیە، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا چۆن بەیەکەوە کاربکەین، ئەمەش پەیوەندی بە کاری حزبییەوە نییە و پوەندی بە کار و خەباتی حکومەت و پەرلەمانییەوە هەیە”.

شێخانی گوتیشی “ناکرێت ئەو هێزانەی بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەت دەکەن ناکۆکییان هەبێت، ئەگەر نییەت وابێت بچیت خزمەتی خەڵک بکەیت، بەدڵنیاییەوە ئەو لایەنەی، کە لە گەڵی دەچیتە ناو کابینەی حکومەتەوە، دەبێت گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکەیت”.  

ئەو بەرپرسەی گۆڕان، دەشڵێت “ئەو لایەنەی بەرپرسە لە پێکهێنانی حکومەت، دەبێت کۆمەڵێک خاڵی بۆ دیاری بکەیت و سەقفێکی زەمەنیشی بۆ دابنێیت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکتداوە، بۆئەوەی ڕاستگۆیی خۆت بسەلمێنی، کە بەشداریکردنت لە حکومەت بۆ خزمەتی خەڵکە، نەک بۆ تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و سامانی هاوڵاتیان”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com