نوچەنێت: ئاژانسەکان
پاکستان دوو فڕۆکەى سەربازى هیندستانی خستە خوارەوە و هاوکات یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیشى دەستگیرکرد، کە ئاسمانى وڵاتەکەیان بەزاندبوو.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، نیازی خراپکردنی دۆخەکەیان نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەیکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاکستان ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی هیندستان سنوری پاکستانیان بەزاندووە، لە وەڵامی ئەو سنووربەزاندنەی هیندستان، دوو فڕۆکەیان تێکشکاندوون و یەکێک لە فڕۆکەوانەکانیان دەستگیرکرکردووە.
خراپبوونی پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات دوای ئەوە هات ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەکانی هیندستان ئاسمانی بەشی پاکستانی کشمیریان بەزاند و بۆردومانی گروپێکى چەکداری کشمیری کرد کە ١٤ی ئەم مانگە چووبوونە خاکی کشمیری هیندستان و چەند سەربازێکى هیندستانیان کوشت.
لەدوای ئەوە بەرپرسانى پاکستان ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن فڕۆکەکانی هیندستان راگەیاند.
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش لە تویتێکدا داوای لە هەردوو وڵات کردووە هەڕەشە و لێدوانەکانیان بوەستێنن و دان بەخۆیاندا بگرن.