نوچەنێت
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی، دەستی لە پشت رفاندنی هاوڵاتیانی کەربەلا و سەلاحەددین هەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە بەم دواییانە ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل لەکاتی گەڕان بەدوای دۆمبەڵان لە پارێزگای ئەنبار و کەربەلا رفێندراون، هەندێک ئازاد کراون، هەندێکی دیکە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوەو، هەندێکی دیکەش تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر دەڵێت، بە دووری نازانین ئەمریکا دەستی لە پشت رفاندنی هاووڵاتیانی سڤیل هەبێت لە کەربەلا و سەلاحەددین.
خەزعەلی پێیوایە، ئەمریکییەکان بەم دواییانە فۆکەسیان لەسەر گەڕانەوەی مەترسی داعشە، کە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەیان لە سووریا، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو پاساو بۆ بوونیان لە عێراق بهێننەوە.