نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەداتە ئێرانییەکان و دووپاتیدەکاتەوە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە سزاکانی سەر ئێران ناکات، کە لەلایەن ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەسەر ئێران سەپێندراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٦-٢-٢٠١٩، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
عادل عەبدولمەهدی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، گەلی عێراق بەدەست گەمارۆدان ناڵاندوێتی و هەست بەوەدەکات گەلان بەهۆیەوە چەندە زیانیان پێدەگات. هاوکات گوتیشی عێراق بەشێک نابێت لە سیستەمی سزاکانی دژ بە ئێران و هەر گەلێکی دیکە.
هەروەها جەختی لەوەکردەوە، عێراق شکستی بە داعش هێناوە “بەهۆی قارەمانییەتی رۆڵەکانی و خوێنی زۆربەی شەهید و بریندار و قوربانییەکان و پشتیوانی دۆستەکانمان لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران”.
لای خۆیەوە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران، هیوای خواستووە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بواری بانکی زیاتر بێت.