نوچەنێت
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە وەڵامی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا داوای مۆڵەتی نەکردووە و مافی ئەوەی نییە لە عێراقەوە چاودێری ئێران بکات، ئێمە رێگە بەوە نادەین.
رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە بە CBS نیوزی ئەمریکی راگەیاندبوو “هێزەکانیان لە عێراق دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانن چاودێری ئێران بکەن”. گوتیشی “ئێران کێشە راستەقینەکەیە”.
بەرهەم ساڵح لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی رافیدەین لە بەغدا، گوتی “ئێمە شۆک بووین بە گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی بوونی هێزەکانیان لە عێراق. ترەمپ پرسیاری لە ئێمە نەکردووە بۆ هێشتنەوەی هێزەکانیان بەمەبەستی چاودێریکردنی ئێران”.
بەرهەم ساڵح دەڵێت “ئەو هێزانە مافی ئەوەیان نییە چاودێری زۆر شت بکەن، لەنێویاندا چاودێری ئێران. ئێمە رێگە بەوە نادەین”.
ئەمریکا لە عێراق نزیکەی پێنج هەزار سەرباز و راوێژکاری هەیە و لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرکراون. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئەو دوو هەزار سەربازەی لە سووریاش دەکشێنەوە بەشێکیان لە عێراق جێگیردەکەن.
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی رێککەوتنێکی نێوان واشنتۆن و بەغدا لە عێراقن و ئامانجێکی تایبەتیان هەیە، کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە و “پێویستە پابەندی ئەو ئامانجە بن”.
لە پەیامەکەیدا بۆ ئەمریکا، سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی “ئەرکێکی لە رادەبەدەر بەهۆی کێشەکانی خۆتانەوە مەخەنە سەر عێراق. ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە، بەڵام بەدوای سیاسەتە لەپێشینەکانی خۆتان مەکەون. ئێمە لێرە دەژین”.
لێدوانەکەی ترەمپ بۆ چاودێریکردنی ئێران لە عێراقەوە ناڕەزایەتی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکانی لێکەوتەوە. جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە یاسا هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدەن.