نوچەنێت-ئاژانسەکان
لە رۆژانی داهاتوودا، واشنتۆن میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێوودەوڵەتی بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە رۆژی ٦ی فێبریوەری، لە واشنتۆن کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەڕێوە دەچێت و تیایدا سەبارەت بە درێژەدان بە شەڕی دژی داعش و لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەم رێکخراوە گفتوگۆ دەکرێت.
لە بەیانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: بە ئامادەبوونی مایک پەمپیۆ، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا و نوێنەرانی ٧٩ وڵاتی ئەندامی جیهان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە داعش و چالاکیەکانی لە سوریا و عێراق رێکدەخرێت.
لە بەیانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە، کە سەرباری بڕیاری واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی لە سوریا، ئەم وڵاتە پابەندی شەڕی دژ بە داعش دەبێت و رێگە نادات ئەم رێکخراوە جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە.