نوچەنێت-نەوزاد عەلی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای تەواوکردنی کابینەکە عادل عەبدولمەهدی، سەرجەم ئەو پۆستانەی کەپێشتر لەکورد سەندرابوونەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کورد.
لە کابینەی ڕابردووی حکومەتی عێراق، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی و سەرهەڵدانی کێشەی سیاسی نێوان هەردوولا، بەهۆکاری سیاسی کۆمەڵێک پۆست لە کورد سەندرانەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شێروان دووبەردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق، ڕایگەیاند”بڕیارە دوای تەواو کردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، هاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ پشکی کورد و سوننە لە حكومەتی عێراقیدا، چونکە سوننەکانیش هاو شێوەی کورد لە حکومەتی ڕابردوو کۆمەڵێک پۆستیان لێ زەوتکراوە”.
دووبەردانی، گوتیشی” کورد رێککەوتنێکی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کردووە بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی کابینەی حکومەت، سەرجەم ئەو پۆستانەی کە مافی کوردن و ئەو پۆستانەشی کە پێشتر لە کابینەکانی ڕابردوو لە کورد سەندرابوونەوە، بگەڕێندرێنەوە”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، دوای ئەوەی کە پۆستەکان دەگەڕێنرێتەوە بۆ کورد سەرجەم ئەو حزبانەی کە پشکیان هەیە، لیستی کاندیدەکانی خۆمان ئامادە دەکەین، بۆئەوەی سەرجەم کارە پێویستەکانیان بۆ بکرێت و بخرێتە بەردەم سەرۆک وەزیرانی عێراق.