نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە پەسندکردنی یاسای بودجەی 2019 لەلایەن پەرلەمانەوە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە ٢٤-١-٢٠١٩، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “پێشوازی و ستایشی هاوکاری و کاری جدی و بەردەوامی نێوان حکومەت و پەرلەمانی دەکات، کە هاوکاربوون بۆ پەسندکردنی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩”.
عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت “پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و تەواو لایەنەکان دەکەم، کە کاریان بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە کردووە لە دۆخێکی سەختدا لە قۆناخی رادەستکردنی نێوان دوو سەردەمی دەسەڵاتی یاساداناندا، کە ئەگەر هەوڵە گەورەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتاران و بەتایبەتی لیژنەی دارایی نەبووایە، بەدەستنەدەهات”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختدەکاتەوە، حکومەت تاوتوێی هەموارکردن و زیادکردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ یاسای بودجە، لە زووترین کاتیشدا رێنمایی پێویست دەردەکات بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجە.
عادل عەبدولمەهدی هەروەها دەڵێت “هەر لە ئێستاوە حکومەت بە کردەیی دەستی بە دانانی بنەماکان کردووە، بۆ ئەوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بودجە پرۆژە و ئەدا بێت”.