نوچەنێت: ئاژانسەکان
زانایەکی بواری زەویناسی و کیمیاگەر دەڵێت، چەکی کیمیایی بۆ داعش دروست کردووە و دەشڵێت “داعش بۆ دوو مەبەست ئەو چەکەی بەکارهێناوە”.
لە ماوەی چەند ساڵی جەنگی دژ بە داعش، سەدان کەس لە هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتی بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو کوژران. هەروەها ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە ئەو چەکانەی لە ساڵی ٢٠١٦ لە عێراقەوە بۆ سوریا گواستەوە، بەڵام تاکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
سولەیمان ئەلفاری، تەمەن ٥٢ ساڵ، پێش هاتنی داعش لە شاری موسڵ لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان کاری دەکرد، پاشان لە ساڵی ٢٠١٤، لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ، داعش دەست بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەگرن.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سولەیمان کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە هەولێرە.
لەبارەی کارەکانی دەڵێت “ئایا من پەشیمانم؟ نازانم ئەگەر ئەو وشەیە بەکاربهێنم. ئەوان بوون بە حکومەت و ئێمە کارمان بۆ ئەوان دەکرد”. دەشڵێت “ئێمە دەمانویست کار بکەین، تاکو موچەکانمان وەربگرین”.
سولەیمان ئەلفاری یەکێکە لەو چەند کەسە کەمەی یارمەتی دروستکردنی چەکی کیمیایی داعشی داوە و لە ژیان ماوە. دەڵێت، داعش زۆری لەکەس نەکردووە، بەڵام ئەو ماوەتەوە تاکو کارەکەی لەدەست نەدا.
دوو هەفتەی دوای داگیرکردنی موسڵ، بەرپرسانی داعش دەچنە لای ئەو کیمیاگەرە و پێی دەڵێن، دەبێت گازی خەردەل (گۆگرد) دروستبکات بۆ ئەوەش دەتوانێت سوود لە تاقیگەکانی زانکۆی موسڵ ببینێت.
ئەو ئەندامەی داعش دەڵێت، ئەو زانیویەتی، کە داعش ئەو گازەی بۆ دوو مەبەست بەکارهێناوە، یەکێکیان رێگری کردن لە گەڕانەوەی سوپای عێراق و ئەوی دیکەیان بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بووە.
“بۆ داعش زۆر گرنگ بوو شتێک دروست بکات کە خەڵک بترسێنێت و کاریگەری لەسەر سایکەلۆژیای خەڵک دروست بکات، تاکو کەس ئازایەتیی ئەوەی نەبێت جەنگی دژ بە داعش بکات” سولەیمان ئاشکرایکردووە.
لەبارەی ئەو کەسانەی فەرمانیان پێ دەدا و یارمەتییان دەدا لە ناو داعش دەڵێت “زۆربەیان کەسی نەخوێندەوار و بێ ئەزموون بوون، بڕوا ناکەم هیچ شتێکییان بە تەواوی ئەنجام دابێت”.