نوچەنێت
رووخانی شای ئێران بەهۆی زڵم و زۆر و نابەرابەری و جیاوازی چینایەتی و بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و بێتوانایی لە کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لەساڵی ١٩٧٩، هەروەها بە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هەلێکی کاتی، کە دوای رۆیشتنی شا رەخسا، رێکخراو، حزب و گروپی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەرکەوتن، کە یەکێک لە گرنگترینی ئەو ئەوانە “حزبی کۆماری ئیسلامی” بوو.
ئەم حزبە یەکەم حزبی بەربڵاوی هێزە ئیسلامییەکان بوو، بۆ یەکخستنی سیاسی ئەوانە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕش و وەک دەمامک و دەستی رێکخراوی مەلایان، “کۆمەڵەی مەلایانی خەباتگێڕ” پێکهات. ئەمانە پاش ئەوەی، کە هەست بە مەترسی لەدەستدانی مەیدانی سیاسی لەلایەن حزبەکانی دیکە وەک چەپ و لیبراڵەکان کرا تۆمەتباریان کردن و بەشێک لەسەرکردەکانیان لەسێدارەدا و حزبەکانیان هەڵوەشاوە راگەیاند.
روخان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و جێگرتنەوەی لەلایەن كۆماری ئیسلامییە، بە وەرچەرخانێكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت.
ئاشتی سارد [١]
مێژووی پەیوەندی ئێران و روسیا، کۆنەو بۆ ساڵی ١٥٢١ دەگەڕێتەوە، بەڵام واقعیەتی هەڵسوکەوتیان ئەوە پیشان دەدات، کە هەمیشە ئاماژەکانی کێشە، بێ متمانەیی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانیاندا هەبووە. هەروەها دۆخی جیۆپۆلیتیکی رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پەیوەندی نێوانیان.
لە ماوەی ساڵەکانی (١٩٦٢- ١٩٧٩).م، بەرەبەرە ئاشتییەکی سارد کەوتە پەیوەندی نێوان ئێران و سۆڤیەت، لەو کاتەدا ئاماژەکانی شەڕی سارد بەرەو نەمان دەچوو بۆیە زەمینە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی رەخسا.
یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئێران {٢}
لە راستیدا پشتیوانی ئایەتوڵڵا خومەینی لە کوخنشینەکانی هەژاران، و دژی ئیستیعماری جیهانی و کۆشک نشینەکان، کە بەشێک بوو لە شیعاری چینی کرێکار و دژی بۆرژوازی. هەروەها حزبی تودەی ئێران (حزبی چەپی ئەو سەردەم)، کە لەو ساڵانە دا –وا دەبیندرا پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لە گەڵ یەکێتی سۆڤیەت هەبێ، لە گەڵ هەموو گروپەکانی چەپ و مارکسیستی پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران دەکرد و شیعارەکانی خومەینی ـیان بەلاوە پێشکەوتووـو دژە ئیمپریالیستی بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانرێ هەڵوێستی حزبی تودە، لە بەرانبەر شۆڕشی ئێران بەهەمان هەڵوێستی یەکێتی سۆڤیەت هەژماربکرێ، لەبەر ئەوەی مۆسکۆ لەو کاتەدا دیاردەکانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی شێوەی مامەڵەی خۆی لە گەڵ رۆژئاوا بە رێبەری ئەمریکا لە چوار چێوەی شەڕی سارد و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بۆ دەکرد.
هاوکات لە گەڵ شۆڕشی ئێران، روسەکان سەرقاڵی کێشەی ناوخۆی ئەفغانییەکان بوون، کە دوو پارتی “خلق و پرچم” لە دۆخی شەڕێکی خوێناوی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بە سەر حوکمی وڵات بوون. لەسەر ئەو بنەمایە، سۆڤیەت نەیدەویست بە شێوەیەک لە شۆڕشی ئێران رۆبچێت، کە بەدگومانی رۆژئاوا سەبارەت سیاسەتی ئەم وڵاتە زیاتر بکات.
سۆڤیەت پەیوەندییەکی ئەوەندە ساردیشی لە گەڵ شای ئێران نەبوو، بەڵام هاوپەیمانی بەهێزی ئێران لە گەڵ ئەمریکا، بێ سەرئێشە و نیگەرانیش نەبوو. لەم رووەوە، ئەگەری ئەوەی کە سۆڤیەت لە رووخانی رژێمی پەهلەوی خۆشحاڵ بووە زۆرە، بەڵام هۆکارێکی بەهێزیش لە نیگەرانیان سەبارەت بە شۆڕشی ئێران بوونی هەبوو.
روسەکان، لە بنەڕەتدا لە مەزهەبی بوونی شۆڕشی ئێران ئەگەری کاریگەری لەسەر کۆمارییە موسڵمان نشینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز نیگەران بوون و، نەیاندەزانیکە رێبەری شۆڕشی ئێران لە کۆتاییدا بە چ ئاراستەیەک دەچێتە پێش.
بەم هۆکارە سۆڤیەت سیاسەتێکی دووربینانە لە بەرانبەر شۆڕشی ئێرانی گرتە پێش، بە هیوای ئەوەی، کە هێزە چەپەکان و بە تایبەت حزبی تودە، لە ماوەیەکی زەمەنی بتوانێ ئاراستەی دژە رۆژئاوایی شۆڕش و رژێمی بەدەستهاتوو لە شۆڕشەکەدا بەهێز بکەن.
ئەم رووداوە لە بنەڕەتدا دووری ئێران لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەپاراست. بەبێ ئەوەی هەستیاری رۆژئاوا بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت زیاد بکات.
پشتیوانی ئێران لە گروپە جیهادییەکان
لەم کاتەدا هێرشی سوپای سور بۆسەر گروپە توندڕەوەکانی ئەفغانستان، یەک ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، کە گوایە بەمەبەستی لەسەر کارلادانی “حفیظ الله امین“، رێبەری حزبی خلق ئەفغانستان لە دەسەڵات، ئەنجام درا، بەڵام لە لایەن رۆژئاوا و جیهانی ئیسلام، بەواتای پەرەپێدان بە دەسەڵات و قەڵەمڕەوی لێکدرایەوە، زەمینەی هاوکاری ئێران و ئەمریکای دژی روسیای لەو دەورەیە فەراهەم کرد، ئێرانیش بە پشتیوانی توند و تەواو لە گروپە جیهادییەکان ـی ئەفغانستان، لەم بابەتە بە شێوەی کرداری لە تەنیشت ئەمریکا، میسر، سعودیە و پاکستان راوەستا.
هەڵوەشاندنەوەی حزبی تودە
کاتێ خوێندکارانی زانکۆ “پیرو خط امام” بە داگیرکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە تاران، بووە هۆی دەرچوونی لیبڕالەکان لە دەسەڵات، ئەم حزبە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، بەڵام زۆری نەکێشا حزبی تودە بە داڕێژەری پلانی کودەتا دژی رژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی تۆمەتبار کرا و بەشێک لە رێبەرانی دەستگیر و زیندانی و بەشێکی دیکەیان لە وڵات هەڵهاتن. {(١٩٢٠ – ١٩٨٣) بەهۆی دژایەتیان لە گەڵ شەڕی ئێران و عێراق، تۆمەتی کودەتایان درایەپاڵ و بە قەدەغەکراو راگەیێندراو و هەڵوەشێنرایەوە.
نە شرقی نە غربی
کاتێک شۆڕشی ئێران سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای “نە شرقی نە غربی” داڕێژرا. ئەمەش بە کاردانەوەی هاوکارییە نوێیەکانی ئێران لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دانرا. هیواکانی مۆسکۆ بە کۆماری ئیسلامی بووە هۆی ئەوەی، کە یەکێتی سۆڤیەت بە هێزێکی زۆرترەوە بە ئاراستەی یەکێک لە کارتە مێژوویەکانی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە فرۆشی چەک، وەک دەستوەردانی سیاسی گرنگ رووی تێکرد؛ کارتێک، کە دەورانی پەهلەویش بەکاریهێنا.
رێککەوتننامەیەکی پانزە میلیار دۆلاری ئێران و سۆڤیەت
لە ساڵی ١٩٨٩، رێککەوتننامەیەکی پانزە میلیار دۆلاری ئێران و سۆڤیەت واژۆ کرا. بابەتی رێککەوتننامەکە پەرەپێدانی هاوکاری بازرگانی فراوانکردنی سەرمایەگوزارییەکان بوو. لەم رێککەوتننامەیەدا دوو تا چوار میلیارد دۆلاری بۆ هاوکاری سەربازی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی دیاری کرابوو. بوونی ئەم رێژەیە، ئاماژەیە بەوەی کە مامەڵەی سۆڤیەت لە گەڵ ئێران ئایدۆلۆژی نەبووە و لەسەر بنەمای ئابووری بووە. ئەمەش گرنگترین پرس لە پەیوەندی نێوان ئێران و سۆڤیەت بوو، لەبەر ئەوەی مامەڵەی بەر فراوانی کەلوپەلی سەربازی هێمایە بۆئەوەی ئێران بۆ باشکردن و بەرەوپێشبردنی هەیکەلی سەربازی خۆی، سەرکەوتوو نەبووە لەوەی سەرنج و هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بەلای خۆیدا رابکێشێ.
هەڵوێستی فرانسوا میتران
فرانسوا میتران، سەرۆکۆماری ئەوکاتی فەرەنسا، لە وەسفی شۆڕشی ئێران گوتبووی، ئەم شۆڕشە، ئێرانی لە بازنەی رۆژئاوا دەرکرد، بەڵام پەیوەستیش نەبوو بە بلوکی شەرق (سۆڤیەت)؛ لەم رووەوە باڵانسی هێزی جیهانی بەهۆی ئەم شۆڕشەوە تێکنەچوو.
نامەی خومەینی بۆ گوڕباچۆف {٣}
رێبەری ئێران(ئایەتوڵڵا خومەینی) نامەیەک بۆ گوڕباچۆف دەنێرێ. لەم نامەیدا لەبارەی مردنی کۆمۆنیزم هۆشداری دەدات و دەڵێت:
بەڕێز گوڕباچۆف، بۆ هەموان روونە، کە لەمە بەدواوە دەبێ کۆمۆنیزم لە مۆزەخانەکانی مێژووی سیاسی جیهان بەدوایدا بگەڕین؛ لەبەر ئەوەی مارکسیزم وەڵامدەرەوەی هیچ پێداویستیەک لە پێداویستییەکەی واقعی ئینسان نییە؛ تەنیا مەکتەبێکی ماددییە و بە مادیاتیش ناتوانرێت کۆمەڵگەی بەشەری لە قەیرانی بێ بیروباوەڕی بە مەعنەویەت، کە بنەڕەتی ترین ناخۆشی کۆمەڵگەی بەشەری لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەر بهێنێ.
داوای لە رێبەی سۆڤیەت کرد، سیاسەتی دژە مەزهەب کۆتایی پێ بهێنێت و سەبارەت بە ئیسلام موتالعە (خوێندنەوە لەو بوارە) بکات. هەروەها لەم نامەیەدا ئاماژە بە بەشێک لە ئەندیشەکانی فەیلەسوفەکان و عرفای موسڵمانان (پیاوانی دانا و زانا) دەکات.
خومەینی لە بەشێکی دیکە نامەکەیدا لەبارەی گۆڕانکاری حزبی لە سۆڤیەت دەڵێت: هەرچەند لەوانەیە لە چوارچێوەی بێر و بڕیاری نوێی ئێوە تەنیا شێوازێک بۆ چارەسەری کێشەکانی حزب لە گەڵ ئەوەش بەشێک لە گرفتی خەڵکەکەتان بێ، بەڵام بە هەمان رێژەش ئازایەتی پێداچوونەوە لە بارەی مەکتەبێک (فکری)، کە ساڵەهای ساڵ شۆڕشگێڕەکانی جیهانتان لە چوارچێوەیەکی ئاسنین زیندانی کردووە، قابیلی ستایش کردنە.
خومەینی لە نامەیەکی دیکەیدا ئاماژەی بە کوشتاری خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەتەوە نەکردبوو، بەڵام هۆشداری دابوو بە گوڕباچۆف، کە مەبادا گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەی رووخانی رژێمی داخراوی سۆڤیەت و بە روونی بە ئاراستەی رۆژئاوایی بچێتە پێش. “کێشەی سەرەکی وڵاتی ئێوە مەسەلەی مڵکیەت، ئابووری و ئازادی نییە، کێشەی ئێوە بێ باوەڕی واقعییە بە خودا”.
کاردانەوە و وەڵامی سۆڤیەت
بۆ راگەیاندنی وەڵام، شاندێک لە سۆڤیەت گەیشتە ئێران و رۆژی ٢٢-٢-١٩٨٩، ئەدوارد شواردنادزە (وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت)، وڵامەکەی لە بەردەم خومەینی خوێندەوە: گوڕباچۆف زیاتر لەوەی لە وەڵامەکەی خۆی گرنگی بە کێشمەکێشی ئیدئۆلۆژی خومەینی نیشان بدات، ئەم هەلەی بۆ وەبیرهێنانەوەی موناسباتی ستراتیژی سۆڤیەت بەکارهێنا، “ئێمە لە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بە راشکاوانە پێشوازی دەکەین، بۆ هاوکاری ئێوە لە راستای بەهێزکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک و تەواوی جیهان ئامادەین. ئامادەیی بەرفراوانی سەربازی لە کەنداوی فارس جێگەی نیگەرانی ئێمەیە. مەبەستم ئامادەیی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە. ئەم واقعە زۆر مەترسیدارە و دەبێ ئەوە کۆتایی پێ بهێنرێت”.
بە پێچەوانەی خومەینی، گوڕپاچۆف مەسەلەی ئەفغانستان دێنێتە بەرباس: “ئێمە دەمانەوێت لە بابەت چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی ئەنفغانستان ـیش لە گەڵ ئێوە هاوکارییەکی باشمان هەبێت، بهێڵین خەڵکی ئەفغانستان چارەنووسیان خۆیان دیاری بکەن بە بێ دەستوەردانی دەرەکی”. ئەم دیدارە ئاخرین دیداری گشتی خومەینی بوو، دوای سێ مانگ و چەندێک کۆچی دوایی کرد.
ئەم خاڵانەی دەبووە مایەی رەزامەندی مۆسکۆ لە ئێران:
دژایەتی بەردەوام لە گەڵ ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا.
پەیوەندی روو لە گەشە لەگەڵ وڵاتە رادیکاڵەکانی وەک (کوبا، لیبیا، سوریا و کۆریای باکور).
سەرکۆنەکردنی وڵاتانی میانەرەوی عەرەبی بە هۆی هاوکاریان لەگەڵ ئەمریکا.
دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل.
ئامانجی سۆڤیەت لە ئێران {٤}
شۆڕشی ئێران بە لە ناوبردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا و رێگە نەدان بە دانانی بنکەی ئەمریکا بەمەبەستی دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت، ئمتیازێکی ستراتیژی گەورەی دا بە مسکۆ. پاراستنی و راگرتنی ئەم ئیمتیازە ئامانجی بنەڕەتی سۆڤیەت بوو.
مۆسکۆ تێگەیشت، کە ئامادەیی سەربازی لە ئەفغانستان لە گەڵ دژایەتی توندی خومەینی رووبەڕوو بووەتەوە، هەروەها نزیکی لە عێراق لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێران، ناسازگاری ناوخۆیی و گومانی ئێرانی سەبارەت بە نیەتی کۆتایی سۆڤیەت، هەمووی بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران.
یەکێتی سۆڤیەت بەردەوام ستراتیژی خۆی، کە دژی بەرژەوەندی ئەمریکا داڕێژرابوو دەگرتەپێش و بەو پێیەش پەیوەندی خۆی لەگەل ئێران دەبردە پێش. دوای سەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی بە سەر ئێراندا، لە کاتی داگیرکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە تاران، لە نوڤەمبەری ساڵی ١٩٧٩، سۆڤیەت ئارەزوومەندانە بە هانای ئێرانەوە چوو بە مەبەستی گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و هاوکاری فەننی کرد.
لە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، سۆڤیەت بێ لایەنی خۆی راگەیاند، کە ئەمەش عێراقی توڕە کرد، لەبەر ئەوەی پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرابوو. (هاوکارییە یەک لە داوی یەکەکان بە عێراق بووە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران). بەڵام ئەوان بەردەوام جەختیان لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ ئێران دەکردەوە و بەرامبەر بە هێرشە دنەدەرانەی ئێران هەمیشە بە خۆپارێزییەوە وەڵامیان دەدایەوە.
سۆڤیەت حزبی تودەی هاندەدا، تاکو سەرەڕای سەرکوتییەکان، بەرامبەر رژێمی ئێران وەفادار بمێننەوە؛ بەو هیوایەی ئەم بابەتە ببێتە هۆی باشبوونی پەیوەندی ئێران و سۆڤیەت و هاوکاتیش پارێزگاری لە حزبی تودە بکات.
سۆڤیەت هەڵوێستێکی هاوشێوەی لەبەرابەر کەمینەکانی ئێران گرتە پێش. تا کاتێک، کە خومەینی لە ئاراستەی دژە ئیمپریالیستی بەردەوام بوو؛ پشتیوانی لە هیچ جۆرە چالاکییەکی دژی رژێم نەدەکرد.
سۆڤیەت هەوڵی دەدا لە رێگەی سەرمایەگوزاری، هەژموونی خۆی لە ناو ئێران و بەتایبەت ریکخراوەکان جێگەی خۆی بکاتەوە. هەروەها پڕوپاگەندا و زانیاری هەڵەی بەکاردەهێنا تاکو وێنایەک لە ئەمریکا وا پیشان بدات، کە خوازیاری رووخاندنی رژێمی خومەینییە و سۆڤیەتیش وەک پارێزەری ئێران بناسرێ و ئەوانەی دیکە بێ متمانە بن. بەڵام ئەمانە هەمووی پێچەوانە بووە و لە کۆتاییدا بە دژەکردەوەی نەرێ ـیانە روو بە رووبووە، هەموو هەوڵەکانی مۆسکۆی بۆ باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە ناوبرد.
ئەو هۆکارانەی ئێرانی لە سۆڤیەت دوور دەخستەوە:
شەڕی ئێران و عێراق (هاوکاری سۆڤیەت بۆ عێراق)
پەیوەندی ئێران لە گەڵ بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەو وڵاتانی لایەنگری رۆژئاوا بوون (تورکیا و پاکستان)
ئامادەیی سەربازی سۆڤیەت لە ئەفغانستان دژی گروپە جیهادییەکان
شای ئێران لە ئەپریلی ١٩٧٨ دژی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمونیستەکانی لە ئەفغانستان بوو.
رژێمی خومەینیش نە تەنیا دەستوەردانی سۆڤیەتی لە ئەفغانستان لە دیسەمبەری ١٩٧٩ ئیدانەکرد، بەڵکو بە پشتیوانییەکی توندی لە گروپە جیهادییەکان کرد و رێگەی پێدان لە خاکی ئێران چالاکی بکەن؛ بە گوتەی راگەیاندنەکانی سۆڤیەت، ئێران بەشێک لە ئەو گروپانە پەروەردە و پڕچەک کردووە.
ئامانجی سۆڤیەت [٥]
بە شێوەی گشتی ئامانجەکانی سۆڤیەتی لە یارمەتی دانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، دەتوانرێ لە چەند دەستکەوتێکی گشتی کۆبکرێتەوە:
١- فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە عێراق بۆ بەدەستهێنانی داهات لەم رێگەیەوە.
٢ـ پێش لە شۆڕشی ئیسلامی، عێراق سەر بە بلوکی رۆژهەڵات (سۆڤیەت) و ئێران سەر بە بلوکی رۆژئاوا (ئەمریکا) بوون. سۆڤیەت پێیوابوو بە سەرکەوتنی عێراق بە سەر ئێراندا، ئێران دەچێتە ناو گروپی وڵاتانی بلوکی رۆژهەڵات.
٣ـ دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت دەیانویست لە رێگەی رووخاندنی ئێران (شۆڕشی ١٩٧٩)، هێز و رۆحیەتی ٦٠ میلیۆن موسڵمانی روسیا لاواز بکات و پێش لە بەهێزبوونیان بگرێت.
٤ـ لاوازکردنی گروپە خەباتکارەکان (جیهادییەکان) ئەفغانی و بێ بەش کردنیان لە یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەلارێدا چوونی رای گشتی لە تاوانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.
٥ـ پیشاندانی چەکە پێشکەوتووەکانی سۆڤیەت لە شەڕی ئێران و عێراق، بۆ بە دەستهێنانی پشکێکی زیاتری بازاڕی جیهانی.
هەر شۆڕشێک لە بەرژەوەندی ئەمریکا بدا ئاوێکە بە ئاسیاوی ئێمە دەکرێ [٦]
لێکۆڵەر و نوسەر و مامۆستای زانستە سیاسییەکان، ئلاهە کولایی، لە وتوێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئیعتمادی ئێران، لە بەشێکی دا دەڵێت “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە روسەکان لە شۆڕشی بولشویکی لەو بڕوایەدا بوون، کە هەر شۆڕشێک، بەرژەوەندی ئەمریکا بکاتە ئامانج، ئاوێکە، کە بە ئاسیاوی ئێمەدا دەڕێژرێت. شۆڕشی ئێرانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیان هەڵدەسەنگاند. بەڵام کاتێ سەرکردەکانی حزبی تودە لە تاران دەستگیرکران، تێگەیشتن، کە ئاراستەی شۆڕشی ئیسلامی نە رۆژهەڵاتە و نە رۆژئاوا ـیە. (نە شرقی نەغربی تنها جمهوری اسلامی). ناڕەزایەتی جیدی لە دەوڵەتی سۆڤیەت بە نیسبەت حەقێقەتی شۆڕشی ئیسلامی دروست دەبێت.
ئەم بابەتە دواتر لە پرسی ئەفغانستان رەنگدانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی. بوونی سوپای سووری لە ئەفغانستان، کە هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا بوو و دواتر پشتیوانی ئێران لە جیهادیەکانی ئەفغانستان، کە لەبەرانبەر ئەرتەشی سوور خەباتیان دەکرد، بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات. لە کاتێکدا سۆڤیەت شۆڕشی ئێرانی بە ئیمتیازێکی تایبەت لە بەرانبەر ئەمریکا دادەنا”.
گوڕباچۆف چەکی سپی واژۆکراو دەداتە رەفسەنجانی [٧]
باڵیۆزی ئێران لە سۆڤیەت: گوڕباچۆف چەکی سپی واژۆکرای بە هاشمی رەفسەنجانی دا (مانگی ٦ ـی ١٩٨٩)
ئەمین فەرەجوڵڵاهی، یەکەم باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە سۆڤیەت، (١٩٨٦- ١٩٩٠)، دەڵێت “لە کۆبوونەوەی باڵا و لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت، گوڕباچۆف، لاپەڕەیەکی بە هاشمی رەفسەنجانی(سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەوکات) پیشاندا، کە لە خوارەوەی واژۆ هەموو ئەندامانی پولیت بورو- مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیست-سۆڤیەت و سەرەوەی لاپەڕەکە سپی بووـ و گوتی “من هەموو واژۆکانم وەرگرتووە ئێوە لەبەشی سپی هرچیتان دەوێ بینوسن و ئێمەش بە ئێوەی دەدەین. ئەمڕۆ پەسەندمان کرد، کە ئێوە هەر چەکێکتان بوێت بێتان بدەین”.
ئەنجام:
یەکێک لەو هۆکارانەی حزبی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەر لایەنەکانی دیکە دا زاڵ کرد و گەیاندییە دەسەڵات، پشتیوانی حزبی تودەی ئێران بوو، کە یەکێک بوو لە حزبە جەماوەرییە بەهێزەکان و بە پێچەوانە ئایدیای ئەوان چەپیش بوون، بەڵام کەوتنە داوی شیعارە سەرتاییەکانی خومەینی و هەروەها دژایەتی ئەمریکییەکان بۆ بەرژەوەندی سۆڤیەت، گرنگیان بە جیاوازی ئایدئۆلۆژی خۆیان لەگەڵ ئیسلامییەکان نەدا. ئیسلامییەکان بەتایبەت (حزبی کۆماری ئیسلامی ئێران)، تاکو ئامانجی خۆیان پێکا لە دوورخستنەوەی هەژموونی ئەمریکا و راگرتنی دەستوەردانی روسیا، تاکو بەهێزتر بوون، دواتر دەست و هەژمونی روسیاشیان لە ئێران بە کوشتوبڕ و راودونان و هەڵوەشاندنەوەی حزبی تودە، گەورەترین حزبی چەپ و مارکسیستی زاڵ بوون بەسەر چەپەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە بە دوور کەوتنەوەی ئەمریکا لە ئێران گەمارۆی ئەو وڵاتە لەسەر ئێران، روسیا بیری لەدەستوەردان نەکردۆتەوە. هەروەها بەهۆی جیاوازییە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان سۆڤیەت و ئێران. ئێران توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات.
سەرچاوەکان:
[١] http://ensani.ir/fa/article/10942
[٢] http://www.bbc.com/persian/iran/2009/02/090204_ir_ussr_revolution.shtml
[٣] https://fa.wikipedia.org/wiki/
[٤] http://tarikhirani.ir/fa/news/30/bodyView/5921/0/.html
[٥] https://fa.wikipedia.org/wiki


