نوچەنێت-نەوزاد عەلی
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری لابردنی خاڵە گومرگییە نایاسایییەکانی نێوان هەرێم و عێراقی داوەو چاوەڕێین بڕیارەکەمان بەفەرمی پێبگات.
لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و باڵادەستبوونی هێزە عێراقیەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە دانانی خاڵی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێم و عێراق.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم، سەبارەت بە لابردنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، ڕایگەیاند”ئەو خاڵەگومرگییە نا یاسایییانەی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراق دانراون لەدوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تا ئێستا لانەبراون و هەرماون، ئێمە هیوادارین بەزوترین کات ئەو خاڵەگومرگیانە لابدرێن، چونکە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان درووستکردووە”.
سەبارەت بەکاتیی لابردنییان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم، دەڵێت”دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لابردنییانی داوە، چاوەڕێ دەکەین ئەو فەرمانەی ئەنجومەنی وەزیرانمان بەفەرمی پێبگات. بۆئەوەی کاتێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ لابردنیان”.