نوچەنێت
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، بەمەرج پشتیوانی لەو ناوچە ئارامە دەکات، کە واشنتۆن و ئەنقەرە هەوڵ بۆ راگەیاندنی لەسەر سنووری تورکیا و سوریا دەدەن.
لە راگەیێندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند “باس لە دامەزراندنی هەرێمێکی ئارام لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت. ئێمە وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەین پشتیوانی لێبکەین بە مەرجێک لەژێر گەرەنتی نێودەوڵەتیدا بێت؛ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە لە مەترسی لەناوبردن پارێزراوبن و رێگە لەبەردەم دەستوەردانی دەرەکی بگیرێت”.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە هەسەدە دەڵێت “هێزەکانمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و رێکخراوە تووندئاژۆکانی دیکە، بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، ئێستا و هەردەم ئەرکی پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەتەواوی جێبەجێدەکات. جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە هەرێمەکەی ئێمە تاکە هەرێمە هەموو پێکهاتەکانی سوریا بەیەکەوە تیێدا دەژین”.
لە راگەیێندراوەکەدا هەسەدە پەیامێکی ئاراستەی تورکیاش کردووە و رایگەیاندووە “هیچ مەترسییەکمان لەسەر دەرەوە بەتایبەت لەسەر تورکیا نییە. هیوادارین لەگەڵیان بگەینە لێکتێگەیشتن و چارەسەرێک، کە ئارامی هەرێمەکە لەسەر سنوور دابین بکات”.
راگەیێندراوەکەی هەسەدە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێی راگەیاندنی ناوچەیەکی ئارام، کە 20 میل دەبێت، لە باکووری سووریا دەکەن.
لەبارەی هەمان پرس، بهدران چیا كورد، راوێژكارى بهڕێوبهرایهتى خۆسهر له رۆژئاواى كوردستان دەڵێت “دروستكردنى ناوچهیهكى ئارام بهم شێوهیه داگیركردنى ناوچه كوردییهكانه له ژێر ناونیشانى دیكهدا”. گوتیشى “ئیدارهى خۆسهر تهنیا كاتێك ناوچهى ئارام قبوڵدهكات كه لهژێر چاودێرى نهتهوه یهكگرتووهكان و هێزه نێودهوڵهتییهكاندا بێت. ئهگهر ئهوهش نهكرێت سهربازهكانى سوپاى سووریا بژاردهیهكى دیكهن له بهردهمیاندا تاوهكو سنوورهكان بپارێزن”.
بهدران چیا كورد دروستکردنی ناوچەی ئارام بە پلانی نوێی تورکیا ناودەبات و دەڵێت “ئهمه ئۆپهراسیۆنێكى داگیركهرانهیه بهڵام له چوارچێوهیهكى جیاوازدا، هەر ئهوهیه كه توركیا دهیویست لهڕووى سهربازییهوه ئهنجامى بدات بۆ داگیركردنى ئهم ناوچانه، بهڵام دواى كاردانهوهى نێودهوڵهتى و هاوسۆزیان لهگهڵ ئیدارهى خۆجێى دیموكراتیدا، وایكرد توركیا پلانێكى ئاڵۆزتر دابنێت بۆ داگیركردنى ئهم ناوچانهى كه خۆیان سهقامگیر و ئارامن. ئێمه وهك ئیدارهى خۆجێى له باكوور و رۆژههڵاتى سووریا، ئهم جۆره پلانانه له ژێر ناوى درووستكردنى ناوچهى ئارامدا رهتدهكهینهوه”.
بەپێی زانیارییەکان ناوچە ئارامەکە بەدرێژایی سنووری سووریا دەبێت بە درێژایی 460 کیلۆمەتر و قووڵایی 32 کیلۆمەتر. چەند ناوچەیەکی سووریا دەگرێتەوە، لەوانە حەلەب، رەققە و حەسەکە.
ئەمریکا دەیەوێت دروستکردنی ئەو ناوچەیەی ببێتە هۆی ئەوەی گرژی لەنێوان یەپەگە و تورکیا روونەدات، هەروەها ببێتە هۆی راگرتنی باڵانس لەنێوان تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی لە باکووری سووریا.
لە بنەڕەتدا درووستکردنی ناوچە ئارامەکە داوای ئەنقەرە بووە، بەهۆی ئەوەی تورکیا درێژترین سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە، پێشتریش سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، بەدرێژایی سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا ناوچەی ئارام دروستدەکەن. ئەنقەرە دەیەوێت دەستی باڵای لە ناوچەکەدا هەبێت، بەڵام نازانرێت ئەمریکاش هەمان بۆچوونی تورکیای دەبێت لەبارەی ناوچەی ئارام، یان ئەمجارەیان پشتی هاوپەیمانەکانی دەگرێت لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.