نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی ئیران دەڵێت، هەوڵدان بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ئێران تەنیا داواکارییەك نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتەوە هەیە. “ئێمە یا پێکەوە بە ئاشتی دەژین یا هەموومان پێکەوە تووشی شەڕ دەبین”.
ئەمڕۆ چوار شەممە ١٦-١-٢٠١٩، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند، هەوڵدان بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ئێران تەنیا داواکارییەك نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتەوە هەیە.
محەمەد جەواد زەریف گوتی “ئێمە ئامادەین لەگەڵ خوشک و براکانمان لە کوردستان هاوکاری بکەین، بۆ پێشکەوتن و گەشەی کوردستان لە ناو عێراقێکی یەکگرتوودا، کوردستانێکی پێشکەوتوو و ئارام”.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی “عێراقی یەکگرتوو و کوردستانی ئاوەدان بۆ ئێمە تەنیا داواکاری نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ ئایشی نیشتمانی. ئێمە لە ناوچەیەکدا پێکەوە دەژین. بەو مانایەی پێکەوە لە ئاشتیدا دەژین یا پێکەوە تووشی شەڕ و ئاژاوە دەبین. پێکەوە ئابوورییەکی پێشکەوتوومان دەبێت یا هەموومان پێکەوە بە دەست کێشەی ئابوورییەوە ئازار دەچێژین”.