نوچەنێت
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێى پشکی كوردستانی له پڕۆژەیاسای بودجه‌ى گشتی عێراقدا کرا و جەخت لە دابینکردنی ماف و شایسته داراییه‌كانی کوردستان لە بودجەدا دەکرایەوە.
ئه‌مڕۆ (دووشەممە ١٤-١-٢٠١٩) ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆكوه‌زیران نێچیرڤان بارزانى و بە ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له ساڵى تازه‌دا ئەنجامدا. كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به تاوتوێكردنى پشکی هه‌رێمى كوردستان له بودجه‌ى گشتیى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٩.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی سه‌باره‌ت به پوخته‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران کردووە. هەروەها ئه‌و هه‌وڵانه‌شى خستنه‌ڕوو، كه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ماف و شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌ر‌له‌مانى عێراق و وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى فیدراڵه‌وه، دراون.
هەر بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دواى گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له ماف و شایسته داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عێراقدا كرده‌وه.
ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانی کوردستان وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى راسپاردووە كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق و لیژنه‌ى دارایى له پەرلەمانئی عێراق له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامبن بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێك كه تیایدا مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت. هاوکات ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پابه‌ندیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵ و پەرلەمانی عێراق دووپاتكرده‌وه.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به سه‌ختییه‌كانى ساڵى ٢٠١٨ كردووە و سوپاسى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و مووچه‌خۆرانى به‌تایبه‌تى كرد، كه به‌رگه‌ى قه‌یران و سه‌ختییه‌كانیان گرت و تێگه‌یشتینیان بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان هه‌بوو.
سه‌رۆكوه‌زیران نێچیرڤان بارزانى هیواى خواستووە ٢٠١٩ ساڵى كۆتاییهاتنى سه‌ختى و كێشه‌كان، تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان و باشتربوونى گوزه‌رانى خەڵک بێت.