نوچەنێت-نەوزاد عەلی
پەرلەمانتارێک هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئاشکرا کرد و دەشڵێت “لەڕاگەیاندنەکانەوە بیستوومانە، کە حاکم ڕزگار بۆ پۆستی وەزارەتی داد کاندیدکراوە”.
بڕیار بوو ئەمڕۆ (سێشممە ٨-١-٢٠١٩) یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی نوێدا بەڕێوە بچێت، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بڕیاربوو لەدانیشتنەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ـی عێراق بکرێت، کە پێشووتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، هەروەها دهنگدان بۆ متمانهدان به كاندیدانی سێ پۆستی وهزاریی یهكێكی تر بوو له تهوهرهكانی دانیشتنهكه.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەندرێن دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هۆکاری دواخستنتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، رایگەیاند “بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا و کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو”.
بەپێی نووسراوێك، كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئاڕاستەی پەرلەمانی عیراقی كردووە و داوای تەواو كردنی كابینە وزارییەكە كراوە و تێیدا هاتووە “بەهۆی پەسەندنەكردنی كاندیدی وەزارەتی بەرگری، ناوی كاندیدانی كۆتایی دەنێرینە بەردەم پەرلەمان لەگەڵ سی ڤی و ڕای دەستەی دەستپاكی و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری”.
هەر بە گوێرەی نووسراوەكە، هەر یەک لە فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەلیم جبوری (سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێرق) بۆ وەزیری بەرگری و حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین (لە پێكهاتەی كورد) بۆ وەزیری داد کاندیدکراون.
سەبارەت بە کاندیدکردنی حاکم ڕزگار بۆ پۆستی وەزارەتی داد لەسەر پشکی کورد، دۆسکی گوتی “ئێمە ئەوەمان تەنها لەڕاگەیاندنەوە بیستووە و هەتا ئەو کاتەی لە دەوامی فەرمیدابوون لە پەرلەمان، هیچ نوسراوێکی فەرمیمان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەیشتووە”.
لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو بۆ پۆستی وەزارەتی داد، دەڵێت “تا ئێستا دیار نییە ئەو نوسراوە بەفەرمی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هاتووە یان نا، هەرکاتێک بەفەرمی جێگیرکرا، ئەوکاتە هەڵوێستی خۆمان دەبێت بۆ پشتگیریکردنی یان نەکردنی”.
حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین، دادوەری دادگای تەمییزی هەرێم، لە دۆسیەی دادگایی كردنی سەددام حسێن و دارودەستەكەی كرایە دادوەر، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری هەندێك لایەنی سیاسی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕەوتی دادگایی كردنەكە دەستی لەكاركێشایەوە.