نوچەنێت-سپۆتنیک
بەرپرسانی خۆجێی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەڵێن، شەڕێکی قورس لە نێوان چەکدارانی داعش و تاڵیبان لەم ناوچانە روویداوە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، شەڕ و بەریەککەوتن لە چەند شاری سەر بە ویلایەتی کنێر، لە چەند رۆژی رابردووەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەوڵەتی ئەفغانستان تاکوو ئێستا بە کردەوە هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکی نەبووە.
عبداللطیف فضلی، جێگری ئەنجومەنی ویلایەتی کنێر دەڵێت، شەڕێکی قورس لە نێوان چەکدارانی سەر بە داعش و هێزەکانی تاڵیبان لەم ویلایەتە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
بە گوتەی عبداللطیف فضلی، چەکدارانی داعش، ژمارەیەک منداڵیان بە بارمتە گرتووە و دەیانهەوێ بۆ کاری تەقینەوە کەڵکیان لێ وەربگرن.
بە گوتەی ئەم بەرپرسە خۆجێییە، داعش هێزەکانی لە شارەکانی نورگوڵ، چوکی و دەرە پێچ جێگیر کردووە و نزیک بە ٢٥٠ چەکداری ئەم رێکخراوە شەڕیان لە دژی چەکدارانی تاڵیبان دەست پێکردووە.
ئامانجی داعش لەم شەڕە، کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبانە، بەبێ ئەوەی دەوڵەتی ئەفغانستان کاردانەوەی جددی هەبێت.