نوچەنێت-القدس العربی
کۆمیساریای مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە هەر چی زووتر بەدواداچوون بۆ منداڵانی ئاوارەی عێراقی بکات.
رۆژنامەی القدس العربی، چاپی لەندەن، لە سەر زاری«فاضل الغراوی» ئەندامی کۆمیساریای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە، کە منداڵانی ئاوارە بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان لە دۆخێکی دژواردا ژیان دەبەنە سەر.
«فاضل الغراوی» ئاماژەی بە نەبوونی دەرفەتی ئیمکاناتی خوێندن بە منداڵانی ئاوارەی عێراقی کردووە و دەشڵێت ، کاری زۆرەملێ و ناچاری لە گەڵ تەمەن و دۆخی ئەواندا نایەتەوە.
کۆمیساریای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق جەخت لە سەر گەڕاندنەوەی ئەم ئاوارانە بۆ سەر ژیان ودۆخی ئاسایی ژیان دەکاتەوە و دەشڵێت “پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی و سەرەتایی ژیان هەیە”.
کەم بوونی خۆراک و دەرمان و هاوکارینەکردنی دەوڵەتی عێراق وای کردووە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی ئاوارەکان، منداڵەکانیان بە ناچاری بنێرن بۆ کاری نەشیاو.
بە گوێڕەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، منداڵان نیوەی ئاوارەکانی عێراقی پێکدێنن. لە سەر یەک دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی عێراق بە هۆی شەڕی داعشەوە لە ئێستادا ئاوارەن.