نوچەنێت-دی ڤۆڵت
وەزیری برێگزیت لە کابینەی تێرێزا مەی، لە گفتگۆیەک لە گەڵ رۆژنامەی دی ڤۆڵت، ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ جاری دووهەم، سەبارەت بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا رەتدەکاتەوە.
ستێفان بارکلی، وەزیری برێگزیت لە کابینەی حکومەتی بەریتانیا جەختیش دەکاتەوە، ئەنجامدانەوەی گشتپرسی سەبارەت بە پرسی برێگزیت، دژ بە بنەما دیموکراتیەکانە.
بە گوتەی وەزیری برێگزیت، خەڵکی بەریتانیا یەک جار لە گشتپرسی تایبەتی بە دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا، دەنگی خۆیان داوە و ئێستا هیچ هۆکاریک بۆ دووبارەوەکردنەوەی نابینن.
بارکلی دەشڵێت، ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا، لە سێهەمین هەفتەی مانگی جانیوەری، سەبارەت بە برێگزیت کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی لە سەر دەدەن.
ئەم لێدوانەی وەزیری برێگزیت لە کاتێکدایە، کە تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تاکوو ئێستا نەیتوانیوە دەنگی ئەرێنی پەرلەمان سەبارەت بەم پرسە بە دەست بهێنی.
بە پێێ رێککەوتنی پێشوەختە، بەریتانیا دەبێ تا کۆتایی مانگی مارس لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە.