نوچەنێت
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیای راگەیاندووە، شەڕی داعش لە سوریا کۆتایی نەهاتووە و کوردیش لە سوریا پێویستە بپارێزرێت.
دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، ئەگەری هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە، ئەوەش یەپەگەی نیگەرانکرد کە ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن ئەمریکاوە لە شەڕی دژی داعش پشتیوانی دەکرێت.
کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیێندراوێکیدا ئاشکرای کرد، ئیمانوێل ماکرۆن و ڤلادیمیر پووتین بە تەلەفۆن تاوتوێی دۆخی سوریا و شەڕی دژی تیرۆریان لە ناوچەکەدا کردووە.
ماکرۆن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە سەرۆکی رووسیای راگەیاندووە، داعش لە سوریا کۆتایی نەهاتووە و شەڕی دژ بە داعشیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە.
سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاندووە، پێویستە دان بە مافەکانی پێکهاتەکانی سوریادا بنرێت و دڵنیایی هەبێت لەوەی “هاوپەیمانانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” بەتایبەتی کورد دەپارێزرێن و لە شەڕی دژی داعش هاوکاری دەکرێن.