نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گومرگمان یەکخستووە. دەشڵێت “پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نابن”.
محەمەد حەکیم، وەزیری نوێی دەرەوەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “وەزیری دەرەوەی قەتەر هاتە عێراق، ئامادەیە لەگەڵ عێراق کاربکات نەوەک بۆ ئەوەی رۆڵیان لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان هەبێت، بەڵکو پڕۆژەیەکی خستەبەردەممان، کە پێی دەگوترێت ترانزێت. ئەوان کاڵایەکی زۆر لە تورکیاوە هاوردە دەکەن. ئێستا دەیانەوێت ئەو کاڵا تورکیانە لەڕێگەی عێراقەوە هاوردە بکەن؛ لە تورکیا و دواتر بەسرە بۆ قەتەر بگوازرێتەوە، کە رێگەیەکی کورتە. کێشە لای ئێمە ئەوەبوو لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان گومرگی یەکگرتوومان نەبوو. ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان گومرگمان یەکخستووە. پشت بەخودا پرۆسەی ترانزێت بۆ گواستنەوەی کاڵای تورکیا بۆ قەتەر لەڕێگەی عێراقەوە دەستپێدەکات. بەمنزیکانە سەردانی قەتەر دەکەین ئەو بابەتە تاوتوێدەکەین”.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پابەندبوونی عێراق بەو گەمارۆ ئابوورییانەی ئەمریکا لەسەر ئێرانی داناون، گوتی “چەندین پێشنیاز هەن و لەگەڵ لایەنی ئێرانی خراونەتەڕوو. یەکەم خاڵ ئەو سزا یان گەمارۆیانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە؛ یەک لایەنە و نێودەوڵەتی نییە، ئێمە پێوەی پابەندنین. هەروەها نەوت لە ئێران هاوردە ناکەین، بەڵام ئێمە پەیوەندی گازمان لەگەڵ ئێران هەیە و پەرەشی پێدەدەین، هەروەها پەیوەندی گەشتیاریشمان هەیە، گەشتیار ئایینی”.
محەممەد حەکیم گوتیشی “کۆمەڵێک ئەگەر خراونەتەڕوو، لەوانە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە بابەتی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات. هەروەها دروستکردنی سندووقێک و پارەکەی بخرێتە نێو ئەو سندووقەوە و کاڵای ئێرانی پێبکڕێت”.
هەر لەبارەی سزاکانی سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی “کۆمەڵێک بیرۆکە هەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین، بانکی ناوەندی لایەنی سەرەکییە لەو بوارەدا. کۆمەڵێک وڵات هەیە، بەهەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن وەک تورکیا، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن، باشە چۆن ئەمانە مامەڵ بکەن، ئەوانە نەوت لە ئێران هاوردە دەکەن، بۆیە پێویستە میکانیزمی کارکردن هەبێت، کە دەکرێت بانکی ناوەندی وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەو میکانیزمانە بدات”.