نوچەنێت-یۆرۆ نیوز
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور دەڵێت، سەرەڕای پابەندبوونیان بە وەلانانی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر گوشارەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، پیۆنگ یانگ ناچار دەبێت رێگایەکی دیکە بگرێتەبەر.
سەرۆکی کۆریای باکور لە گوتارێکدا بە بۆنەی دەستپێکی سەری ساڵی نوێ، گوتیشی: خوازیاری دیدار لە گەڵ سەرۆکی ئەمریکایە، تا لە سەر خێراکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی و بە کردەیی کردنی بەڵێنەکانی واشنتۆن بگەنە رێککەوتن و ئەنجامی دڵخواز.
کیم جۆنگ ئون هەروەها گوتی “ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بە نیسبەت کۆریای باکورەوە نەبێت و بە دانانی گەمارۆی زیاتر، ئێمە بخاتە ژێر گوشاری زیاترەوە. چیدی ناتوانین پشوودرێژ بین و ناچارین رێگایەکی دیکە بگرینەبەر”.
سەرۆکی کۆریای باکور هەروەها جەختی لە سەر پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانیەکانی لە گەڵ کۆریای باشور کردووە و گوتیشی، کە ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵکی دوو وڵات دەبێ مسۆگەر بکرێت.