نوچەنێت-نۆڤێستی
وەزیری دەرەوەی روسیا، ئامادەیی مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە گەڵ واشنتۆن دەخاتەڕوو و جەختیش دەکاتەوە، کە ئەمریکا سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی روسیا، چین و ئێرانی گرتۆتەبەر و وڵاتانی ئەوروپیش بە پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندیەکانیان، پەیڕەوی لە واشنتۆن دەکەن.
سێرگی لاڤرۆڤ، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی روسیا، ساڵی ٢٠١٨ـی بە ساڵێکی دژوار بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ گوشار و سزاکانی سەر مۆسکۆ، کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بە سەریدا سەپاوە.
رۆژی رابردووش، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە پەیامێکدا، کە بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد، جەختی لە سەر پەیوەندیەکانی روسیا و ئەمریکا، وەک هۆکاڕێکی گرنگ لە سەقامگیری ستراتیژی و ئاسایشی جیهان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆ لە نێوان سەرۆکانی دوو وڵات، گوتی: ئەم پرسیارە دەبێ ئاراستەی لایەنی ئەمریکی بکرێت. سەرۆکی روسیا و بەرپرسانی باڵای ئێمە بەردەوام ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە گەڵ لایەنی ئەمریکی کردووە، هەر چەند پێمان وایە، کە رێزی بەرامبەر و رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی دوو لایەن دەبێ بە بنەما وەربگیرێت.