نوچەنێت-رۆیتەرز
سەرکردەیەکی تاڵیبان جەخت دەکاتەوە ئەم رێکخراوە پێشنیاری دەوڵەتی ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی دانوستانی دوو لایەنەی لە سعودیە رەتکردۆتەوە.
بەشی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی دیسەمبەر، لە سەر زاری سەرکردەیەکی تاڵیبان رایگەیاند: مانگی داهاتووی زایینی لە سعودیە لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کۆدەبنەوە، بەڵام پێشنیاری کابۆل بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی لە لایەن تاڵیبانەوە رەتکراوەتەوە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبیژی تاڵیبان رەتیدەکاتەوە ئەم رێکخراوە ئامادە بێت لە گەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان بکەوێتە دانوستانەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەشرەف غەنی، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە ئاشکرای دەکات، کە هەوڵەکان بۆ هێنانە سەر خەتی تاڵیبان و ئەنجامدانی وتووێژ لە گەڵ ئەم رێکخراوە بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە نوێنەرانی تاڵیبان، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچە، مانگی دیسەمبەر بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕی ١٧ساڵە ئەفغانستان کۆبوونەوە.