نوچەنێت
ھێزە ئەمنییەكانی عێراق ١٠ چەكداری داعشیان لەچەند پارێزگایەك دەستگیر كرد و داعشیش دوو پۆلیسی فیدراڵی کوشت و ھاوڵاتییەكیشی لە رۆژئاوای كەركوك رفاند.
ناوەندی میدیای ئەمنی، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە “ھێزە ئەمنییەكان ٣ چەكداری داعشیان لە رۆژئاوای موسڵ و ٥ چەكداری دیكەشیان لە رۆژئاوای رومادی، ھەروەھا ٢ چەكداری دیكەشیان لە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیركردووە”.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە لایەكی دیكە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر بازگەی حەلاون لە نێوان خانەقین و گوڵاڵە. لە ئەنجامی ئەو ھێرشەدا دوو پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق كوژراون و ژمارەیەك پۆلیسی دیكەش بێسەروشوێنن و سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیش سووتێندراون.
ھاوكات لە گوندی مەقام سەربە شارەدێی ریاز لە سنووری حەویجەی باشووری كەركوك، چەكدارانی داعش ھاوڵاتییەكیان رفاندووە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.