نوچەنێت-ئاژانسەکان
دادگای باڵای پاکستان، بە بڕیاڕیک تۆڕی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن، کەسایەتی ئایینی و دژبەری رژێمی تورکیای وەک گروپێکی تیرۆریستی ناساند.
لە بڕیاری دادگای باڵای پاکستان، داوا لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە کراوە، کە سەرجەم ئەو قوتابخانە و دامەزراوانەی، کە سەر بە تۆڕی گولەنن، دەست بە سەردا بگرێت .
بەم بڕیارەی دادگای باڵای پاکستان، پێدەچێ لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەندامانی تۆڕی گولەن لە پاکستان دەستگیر بکرێن یان ئەوەی، کە ناچار بکرێن ئەم وڵاتە جێ بهێڵن.
سەرۆکی رەوتی گولەن لە ئێستادا نیشتەجێی ئەمریکایە و لە لایەن ئەنقەرە بەوە تۆمەتبارکراوە، کە پلانی کودەتای بێ ئەنجامی ٢٠١٦ـی تورکیای دارشتووە. ئەم تۆمەتانە لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە رەتکراوەتەوە.