نوچەنێت
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، ٢٧-١٢-٢٠١٨) ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاگادارکردووەتەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “حکومەتی ئەمریکا حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە ویستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە ٢٦-١٢-٢٠١٨ـدا ئەمەش بۆ پیرۆزباییکردن لە حکومەتی نوێی عێراق و سەردانیکردنی سەربازە ئەمریکییەکانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە پاڵپشتیی عێراق دەکەن لە شەڕی دژی داعش، حکومەتی عێراقیش پێشوازی لەو داواکارییە کرد”.
لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ترەمپ، لە بەیاننامەکەدا هاتووە “دەبوو پێشوازیکردنێکی فەرمی و کۆبوونەوە لەنێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکرێت، بەڵام بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی رێکخستنی کۆبوونەوەکە، لەبری کۆبوونەوە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدرا، کە تێیدا باسی بەرەوپێشچوونی رەوشەکە بەتایبەتی لەدوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا، هەروەها هەماهەنگی بۆ شەڕی داعش، رەخساندنی ئاشتی و ئارامی بۆ گەل و وڵاتانی ناوچەکە کرا”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەکەدا پێشوازیی لەو سەردانەی ترەمپ کردووە و دەڵێ “سەرۆکوەزیران بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکای کردووە سەردانی بەغدا بکات، هەروەها سەرۆکی ئەمریکاش بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە سەردانی واشنتن بکات، هەردوولاش رێککەوتوون بەردەوامبن لە تووندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵات”.
هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ “بەهۆی بیروبۆچوونی جیاواز کۆبوونەوە نەکراوە”، بەڵام سارا ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی رایگەیاند “بە هۆکاری ئەمنی، کۆشکی سپی دوو کاتژمێر پێش کاتی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەو لە لایەکی دیکەی وڵات بووە و نەیتوانییوە لەو ماوەیەدا بگاتە لای سەرۆکی ئەمریکا”.
شەوی رابردوو (چوارشەممە، ٢٦-١٢-٢٠١٨) کۆشکی سپی سەردانی ترەمپی بۆ عێراق و بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی بەبۆنەی کریسمس ئاشکراکرد و رایگەیاند “سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە پلانێکی هەبێت بۆ دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق”.