نوچەنێت
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ راوێژکارێکی سەربازی وڵاتەکەی لە عێراقدا نەماون.
ئیرەج مەسجدی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی چوارشەممە 26-12-2018، رایگەیاند، ئەو راوێژکارە ئێرانییانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاری عێراقیان دەکرد، دوای راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا، عێراقییان بەجێهێشت و ئێستا هیچ سەرباز و راوێژکارێکی ئێران لە عێراقدا نین.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند “ئەمریکییەکان نایانەوێ داعش بە تەواوی تێکبشکێت و مەبەستیانە دۆخی ناوچەکە هەر بە قەیراناوی بمێنێتەوە”.
مەسجدی جەختی لەوەشکردەوە، هیچ پاساوێک بۆ بوونی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا نییە و وڵاتانی هەرێمیش بە توانای هێزە ناوخۆییەکانیان دەتوانن پارێزگاری لە خاکەکەیان بکەن و پێویست بە بوونی هێزی بیانی لە ناوچەکەدا ناکات.